Skip to the content

کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا بەڕێوەچوو

ڕۆژی هەینی ٣١ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، لە شاری بەغدا، بە سەرپەرشتيی دکتۆر فواد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووريی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبونی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان و دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایيی عێراق بە سەرۆکایەتی تەیف سامی، وەزیری دارایيی عێراق بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی هەردوو وەزارەت ئامادەى بوون، گفتوگۆ لەباره‌ى بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو ڕاپۆرت و داواکارییانەی کە لەلایەن تیمی تەکنیکيی هاوبەشی هەردوولا، لەسەر داواکاريی وەزارەتی دارایيی فیدراڵ، لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیيی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر، بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا.
لە بەشێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەی "هەژماری من" کرا، بە داتا و زانیاری، ژمارەی تۆمارکراوان لە پرۆژەکە خرایەڕوو ، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو، کە به‌پێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی ٢٧٤ هەزار فەرمانبەر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشیوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن.
بڕیارە سبەی شەممە کۆبوونەوەکان لە نێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایيی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریيانەی ماون، تاكوو هەردوولا بگەنە ڕێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٣١ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥