ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە
سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق، بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکەی عێراق و بەدەرکردنی لە هەر کێشە و گرفتێکی تر، هاوکات بوونی تەرخانکراوی پێویست لە خشتەکانی یاسای بودجە، بەراورد بەو تەمویلەی وەزارەتی داراییی عێراق ناردوویەتی و ڕێکكەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بۆ خەرجکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ساڵی (٢٠٢٤)، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پێشێلی مافە دەستوریەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.
١- کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان لە هەردوو بڕگەی (تعویظات الموظفين) و (الرواتب التقاعدیة و الرعایة الاجتماعیة) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بریتیی بووە لە (١١،٥٧٦،٥٢١،٣٣٥،٠٠٠) یانزە ترلیۆن و پێنجسەت و حەفتا و شەش ملیار و پێنجسەت و بیست و یەک ملیۆن و سێسەت و سی و پێنج هەزار دینار، هەرچەندە پێویستیی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی (١٢،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نزیکەی دوانزە ترلیۆن دینار بووە و هەوڵمانداوە لە ڕێگای (المناقلة) وە ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ تێکڕای ساڵەکە تەنها (١٠،٧٥٢،٥٨٢،٥٥٨،٤٨٠) دە ترلیۆن و حەوتسەت و پەنجا و دوو ملیار و پێنج سەت و هەشتاو دوو ملیۆن و پێنج سەت و پەنجا و هەشت هەزار و چوار سەت و هەشتا دینار خەرج کراوە، بڕی (٨٢٣،٩٣٨،٧٧٦،٧٢٠) هەشت سەت و بیست و سێ ملیار و نۆ سەت و سی و هەشت ملیۆن و حەوت سەت و حەفتا و شەش هەزار و حەوت سەت و بیست دینار، لە تەرخانکراوی هەرێم بۆ مووچە ماوەتەوە و خەرج نەکراوە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتە قوربانیی کێشەکانی خۆی و بە بیانووی نەمانی تەرخانکراو و کەمی سیولەی نەقدی ئەمساڵیش مووچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدات.
٢- سەبارەت بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤، هەندێک کەس و لایەن بە ناشارەزایی قسەی لەسەر دەکەن و کردوویانە بە کەرەستەی مزایەدە، لە مانگی ئایارەوە کە هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوازی ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی، لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتن بۆ ماوەی پێنج مانگ دوابەدوای یەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی نێردراوە کە بڕەکەی (٣٩٩،١٦٨،٩٦١،٠٠٠) سێسەت و نەوەت و نۆ ملیار و سەت و شەست و هەشت ملیۆن و نۆ سەت و شەست و یەک هەزار دینار بووە، تا ئەو کاتەی کورتهێنانی گەورە بۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی عێراقەوە دروست کرا و بە ناچاری بە داهاتی ناوخۆ پڕ کرایەوە.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ تا مانگی تشرینی یەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری نزیکەی (٩٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) نۆ سەد و شەست ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی ئەو مانگانە تەرخان کردووە کە وەزارەتی داراییی عێراق هەرجارەی بە بیانوویەک بڕیویەتی. ئەوەی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە، بەشی زۆری بۆ خەرجیی بەکاربردن بەکارهاتووە، کە مانگانە زیاترە لە (١٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەت و شەست ملیار دینار، کە بۆ ساڵەکە دەکاتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار (بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان وەک خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کارەبا، پاکردنەوە و ئاو و هەموو ئەو سێکتەرانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن). ئەوە جگە لە خەرجیی ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێم لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامی دەدات، کە سەرجەمیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە بەهۆی ئەوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵی یەک دیناری بۆ پرۆژەکان نەناردووە.
لە مانگی تەمووزەوە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە هەرێم جێبەجێ کراوە و دادگای فیدراڵیی عێراق حکومەتی فیدراڵی پابەند کردووە بە دابینیکردنی ئەو شایستەیەی لە هاوتاکردنی مووچەکانیان دروست بووە، کە مانگانە نزیکەی (٦٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) شەست ملیار دینار تەمویلەکەی زیادی کردووە، بەڵام وەزارەتی داراییی عێراق یەک دیناری بۆ خەرج نەکردون و بڕیاری دادگای فیدراڵیان جێبەجێ نەکردووە، ئەو تەمویلە زیادەیە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە، ئەوە سەرەڕای تەمویلی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، دوای ئەوەی لە وانەبێژییەوە کران بە گرێبەست کە سەرجەمی مووچەکەیان لە داهاتی ناوخۆیە و مانگانە نزیکەی (٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) بیست ملیار دینارە.
٣- بۆ مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (١٠) ،وەک وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان داوای تەمویلکردنی بڕی (٩٩٩،١٢٤،٣٢٩،٠٠٠) نۆسەت و نەوەت و نۆ ملیار و سەت و بیست و چوار ملیۆن و سێسەت و بیست و نۆ هەزار دینارمان کردووە، بەڵام وەزارەتی داراییی حکومەتی فیدراڵ تەنها (٧٦٠،٢٦٢،٠٠٠،٠٠٠) حەوتسەت و شەست ملیار و دووسەت و شەست و دوو ملیۆن دیناری ناردووە، بەو شێوەیەش نزیکەی (٢٣٩،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) دووسەت و سی و نۆ ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە و لە داهاتی ناوخۆ پڕ کراوەتەوە، بۆ مووچەی مانگی یانزە بەپێی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی داراییی عێراق تەنها (٦٣١،٣٣٥،٠٠٠،٠٠٠) شەشسەت و سی و یەك ملیار و سێ سەت و سی و پێنج ملیۆن دیناری ناردووە، بۆ مووچەی مانگی دوانزە پێویستمان بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینار بووە، بەڵام وەزارەتی داراییی عێراق تەنها بڕیاری لەسەر خەرجکردنی (٤٤١،٤٩٣،٠٠٠،٠٠٠) چوارسەت و چل و یەک ملیار و چوار سەت و نەوەت و سێ ملیۆن دینار داوە، واتە بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتاییی ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی داراییی عێراق لە کۆی سێ ترلیۆن دینار تەنها (١،٨٣٣،٠٩٠،٠٠٠،٠٠٠) یەک ترلیۆن و هەشت سەت و سی و سێ ملیار و نەوەت ملیۆن دیناری خەرج کردووە، بەوەش نزیکەی (١،١٦٧،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) یەك ترلیۆن و سەت و شەست و حەوت ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی هەر سێ مانگەکە بڕیوە.
لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەی لەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر دراوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یانزە دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێم سوورین لەسەر بەدەستهێنانی مووچەی مانگی دوانزە، کە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا وەک وەزارەتی دارایی سەرجەم تێبینی و کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچەمان چارەسەر کردووە و تیمە تەکنیکییەکانمان بەردەوام لەگەڵ تیمی تەکنیکیی وەزارەتی داراییی عێراق لەسەرهێڵ بوون تا هیچ بیانوویەک بەدەست حکومەتی فیدراڵەوە نەمێنیت بۆ نەناردن و دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەردوو وەزارەت کە ڕۆژی ١٢/١٥ لە بەغدا بەڕێوەچوو، وەزیری داراییی عێراق بەڵێنیدا کە تەمویلی مانگی دوانزە و ئەو بڕەی بۆ مانگی یانزە پێویستە چارەسەر بکات.
لەگەڵ ئەوەی چەند تەرخانکراوێکمان لە پشکی هەرێم لە یاسای بودجە هەیە و بەپێی یاسا دەتوانین گواستنەوە (المناقلة)ی پێ بکەین بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، بەڵام دوای چەندین بڕیار بۆ گواستنەوەی بڕی (٤٣٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چوارسەت و سی ملیار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی سێ مانگی کۆتاییی ساڵ بەڵام کێشەی نوێ بۆ جێبەجێکردنی دروست کرا.
لەلایەکی دیکەوە بوونی مادەی (٦٠) لە یاسای بودجەی عێراق دەسەڵات دەدات بە سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە ئەگەر تەرخانکراویشی نەمابێت، لەبەرئەوەی بابەتی مووچە گرنگ و تایبەتە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیان و قووتی خەڵکەوە هەیە.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی تیمی تەکنیکیی هاوبەشی هەردوولا کە ماوەی هەفتەیەک لە هەرێمی کوردستان بوون، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگەکانی (یەک تا یانزە) دەرکەوت سەرجەم ڕاپۆرتەکان هاوتای ئەو ڕاپۆرتانەن کە پێشتر مانگانە هەرێمی کوردستان ناردوویەتی. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.