حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی واژۆ دەکەن بۆ پەرەپێدانی گشتگیریی ئابووری
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی "هەژماری من" ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەکات.
ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەکانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەوپێشبردنی گشتگیریی ئابووری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین کەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هاوکاریی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات لەوەی بتوانن زیاتر پشت ببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە کاروباری ڕۆژانەیاندا، ئەمەش بەوپێیەی کە بەمزووانە نزیکەی یەک ملیۆن هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەشدا، کۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری چەندین سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ سوودمەندانی پڕۆژەکە ڕێک دەخات سەبارەت بە سوودەکانی گشتگیریی ئابووری و شیکردنەوەی باشترین ڕێگاکانی بەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سوود و خزمەتگوزارییەکانی بانکی. ئەمەش لەگەڵ دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک دەگرێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی سیستەمێکی ئابووریی مۆدێرن و پێشکەوتوو.
ماریۆ مەکاری، جێگری سەرۆک و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ڤیزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەم ڕێكکەوتنە ڕایگەیاند "هۆشیاری و گشتگیریی ئابووری بناغەی بەهێزکردن و پەرەپێدانی ئابووریین.
لە ڕێگای هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و بەردەستکردنی ئامرازی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارە داراییەکانیان بە شێوازێکی کارا، ئەوا دەتوانین بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی خۆڕاگر و بەهێز لەڕووی ئابووریەوە دابنێین.
ڤیزا پابەندە بەو ڕۆڵە گرنگەی پێی دراوە لەو قۆناغە ڕاگوزەرییە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بەگەڕخستنی ئەزموونی کۆمپانیاکەمان لە سەرانسەری جیهان بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی دیجیتاڵیی پارێزراو.
ئەم هاوبەشییە پابەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڤیزا دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان لە ڕێگای کاش و ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانکییەکان و بنیاتنانی ئابووریەکی دیجیتاڵیی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.
شایانی باسە، پڕۆژەی "هەژماری من" پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران.
بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندی بە ژمارە 1991 بکەن یاخود سەردانی www.myaccount.gov.krd بکەن.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری.
١٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥