شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ جەخت لە چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 20 کانوونی دووەمی ساڵی 2025، بە سەرپەرشتیی دکتۆر فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێک هاتبوون لە خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کراو و هەردوولا هاوڕا بوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنە گەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەمساڵدا، هاوکات داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرایە ڕوو و گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت، کە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار درا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێک بهێنرێت و لە سبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایە ڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بە هاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری