Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابوورى بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی یاسای خانەنشینيی یەکگرتووی عێراق دەکات

ڕۆژی سێشەممە ٦ ی ئایاری ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتيی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە، سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی کرد، لەسەر دوایين هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٩ى خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوورى ڕایگەیاند: بەپێی بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدراڵيی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی خانەنشینيی یەکگرتووی عێراق.
لەو ڕووەشەوە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایيی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادە بکەن، بە مەبەستی پەسەندکردنی و دواتر گشتاندنی پێ بكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکەشدا، ئاوات شێخ جه‌ناب جەختی لەسەر بەردەواميی هەوڵەکان بۆ زوو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتيیەکانی خانەنشینی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تا بتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.
تا ئێستا دۆسیەی زیاتر لە حه‌وت هه‌زار و ٥٠٠ خانەنشین تەواو بووە کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشینبوونیان دەرچوو بوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە شه‌ش هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە.