وەزیری دارایی و ئابوورى پێشوازی لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایيی عێراق و هەرێمی کوردستان كرد

ڕۆژی سێشەممە ٦ ئایاری ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایيی عێراق و هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە مەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وەرزی یەکەمی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، لە هەرێمی کوردستانن.
وەزیری دارایی وەک هەمیشە ئامادەیيی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیيەکانی بۆ هاوکاری و هەماهەنگيی تیمە هاوبەشەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: هەرچی داتا و زانیاريی پێویست و بەردەست بێت دەخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایيی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی ديكهى دیدارەکەدا وەزیری دارایی و ئابوورى هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینيی یەکگرتووی عێراقی لەسەر ئاستی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی بۆ تیمە هاوبەشەکان ڕوون کردەوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەوانەی تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ زیاتر بوو، ڕەوانەی خانەنشینی کراون و بەشێک لەوانەشی کەسوکاری شەهید و زیندانيی سیاسی بوون، بە پێی بڕگەیەکی یاساکە خزمەتیان بۆ درێژ کراوەتەوە، هاوکات کورتەیەکیشی لەسەر دوایين هەنگاوەکانی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە لەڕێی پرۆژەی "هەژماری من" خستەڕوو و ڕایگەیاند: بەپێی ئەو پلان و بەرنامانەی داندراون لەمساڵدا زۆربەی مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکيی خۆیان و پرۆسەکەش بەباشی بەڕێوە دەچێت.
لای خۆشیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێريی دارایيی عێراق و هەرێمی کوردستان سوپاسی وەزیری دارایی و ئابوورییان کرد کە بەدرێژایيی چەند ساڵی ڕابردوو هاوکار و پشتیوانی بەردەوامیان بووە و بەردەوام دەرگهی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیيەکانی بە ڕوویاندا کردووەتەوە.