بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD) – وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.
ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگادار دەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانیان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.
پڕۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە, کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش). شایانی باسە لە ئێستادا زیاتر لە 900,000 مووچەخۆری حکومی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.