وەزیری دارایی قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی کۆمپانیاکانی سلێمانی

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە ئاشتی عەلی بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی کۆمپانیاکانی سلێمانی، بە بۆنەی دەرچوونی بڕیاری خانەنشین بوونیەوە.
لەدیدارێکیشدا کە دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری وەزارەت ئامادەی بوو، وەزیری دارایی سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشی بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی کۆمپانیاکانی سلێمانی کرد، کە لەماوەی ١٧ ساڵی ڕابردوو، زۆر بە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە کارەکانی بەباشی ئەنجام داوە و هیوای سەرکەوتن و سەلامەتیی لە قۆناغەکانی داهاتووی ژیانیدا بۆ خواست.
لای خۆشیەوە بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی کۆمپانیاکانی سلێمانی سوپاسی وەزیری دارایی کرد، کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پشتیوانی هەمیشەیی کارەکانیان بووە و هەرچی لەتوانایدا بووبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کاروباری فەرمانگەکان بۆی دابین کردوون.