Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابوورى لەگەڵ شاندێکی یەکێتيی بەڵێندەرانی کوردستان کۆ بووەوە

ڕۆژی سێشەممە، ٩ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتيی بەڵێندەرانی کوردستان كرد، کە لە سەرۆک و بەشێک لەئەندامانی لقی سلێمانيی یەکێتییەکە پێکهاتبوو.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر کێشە و گرفتەکانی بەڵێندەران و شایستەی دارایيی کۆمپانیاکان بە گشتی کرا. بەرپرسانی یەکێتيی بەڵێندەران چەند داواکاریيەکیان خستەڕوو، کە خۆی لە گەڕانەوەی بارمتەی کۆمپانیاکان و خەرجکردنی شایستەکانیان دەبینییەوە؛ لای خۆشیەوە وەزیری دارایی و ئابوورىی پشتیوانيی خۆی بۆ داواکاریيەکانیان دووپات کردەوە و دوای گفتوگۆ و پەیوەندیکردن لەگەڵ بانکی ناوەنديی هەرێم/ سلێمانی، بڕیاردرا بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی دانانی ڕێکار و میکانیزمی گونجاوی مانگانە بۆ خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانیان بەشێوەیەکی بەردەوام.

بەرپرسانی لقی سلێمانيی یەکێتيی بەڵێندەرانی کورستان، سوپاسی وەزیری دارایى و ئابوورييان کرد، کە هەمیشە دەرگه‌ی بە ڕوویاندا کراوە بووە و ئەوەی لە توانایدا بووبێت لە ماوەی ڕابردوو بۆ بەدەمەوەهاتنی کێشەکانیان درێغی نەکردووە و بودجەی بۆ پرۆژەکانی سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی خەرج کردووە.