ڕاگەيهندراوێک لەبارەی بانکی بازرگانيی عێراقی (تی بی ئای)

هەولێر، هەرێمی کوردستان - وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانە لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبوونه بەردەم هاووڵاتییانی شاری سلێمانی، لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانيی عێراقی (تی بی ئای).
ئەم مانگە، نزیکەی 24,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لە ڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن. لەنێوان 1 تاکوو 3ـی ئەیلوول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستووهتەوە بۆ بانکی تی بی ئای، بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو.
وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکوميی پرۆژەکە، ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پرۆژەی "هەژماری من" بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتی.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی تی بی ئای و ستافەکەی دەکات کە زیاتر لە کاتی ئاسایيی دەوامەکانیان کاربکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاووڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات. هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی، تاکوو ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکیەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی هەژماری من پێشکەشی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.