وەزیری دارایی پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان کرد

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان - لقی هەولێر کرد.
لەدیدارێکدا کە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بانکە بازرگانییەکان ئامادە بوون، وەزیری داراییی گوێبیستی کێشە و گرفتەکانیان بوو و ڕایگەیاند: "وەک وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەڵێندەران و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین نووسراومان لە بەرژەوەندیی بەڵێندەران بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە تا ڕەزامەندیی بدەن لەسەری".
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا شاندی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، چەند داواکارییەکیان سەبارەت بە خەرجی شایستەی مانگانەی کۆمپانیاکان و گەڕاندنەوەی بارمتەی یاساییی بەڵێندەران، قۆناغ بە قۆناغ و لابردنی هەندێک ڕۆتینی کارگێڕی لە بەردەم پڕۆژە و کۆمپانیاکان خستە ڕوو.
لەکۆتاییی دیدارەکەدا وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بانکە بازرگانییەکانی ڕاسپارد لەگەڵ یەکێتیی بەڵێندەران لەسەرهێڵ بن، بۆ وەرگرتنی داتای شایستەی کۆمپانیاکان و بەپێی خشتە و قۆناغ بە قۆناغ مانگانە شایستەکانیان هاوشێوەی پارێزگاکانی تر بۆ خەرج بکرێت.
بەرپرسانی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، سوپاسی وەزیری داراییان کرد؛ کە هاوکار و پشتیوانیان بووە و بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەسەری کێشەکانیان.