وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆ بووەوە
ڕۆژی دوو شەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2026، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی "هەژماری من" کرد.
لەکۆبوونەوەیەکدا، تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و چارەسەری ئەو گرفتانەی لە بانکەکان دروست بوون. بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر، لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە، بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە، یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
هەروەها بڕیاردرا ڕێكاری پێویست لەگەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر، کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی، درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێری (ATM)یان هەیە؛ هۆشداریی توندیان پێ بدرێت، بۆ چارەسەری بنەڕەتیی ئەو کێشانە.
هاوکات پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI)، یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبووە؛ لەوانە کێشەی تەکنیکیی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان، نەبوونی سەنتەری پەیوەندیکردن، کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان، درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە؛ بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت. هەر بانکێکیش توشی سزا و سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پرۆژەکە دوور دەخرێتەوە؛ ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە، کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە مووچەخۆران بکات.
لە بەشی کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر، هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پرۆژەی هەژماری من؛ کە لەکۆی 455 هەزار سوودمەند، تا ئێستا 438 هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە 354 هەزار کەسیشیان لە پرۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.
هەروەها ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە، بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.