وەزیری دارایی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی دووشەممە، ١٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، پێشوازی لە زیاد عیسا ئەلبەتارسە کونسوڵی گشتیی شانشینی هاشمی ئەردەن لەهەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا وەزیری دارایی، خۆشحاڵیی خۆی بەسەردانی کونسوڵی ئەردەن دەربڕی و ڕایگەیاند کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەردەن، پەیوەندییەکی ستراتیژی و مێژووییە، بۆیە لە ئێستادا دەرفەتێکی گرنگە بتوانن هاوکاری و هەماهەنگی لە بواری دارایی و ئابووری لە نێوان هەردولا بەرەوپێش ببەن.
لای خۆشیەوە کونسوڵی گشتیی شانشینی هاشمی ئەردەن، جەختی لەسەر هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند کە ئامادەی هەموو هاوکارییەکن بۆ بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکانی وەزارەت لە بواری بانک و گومرگ و باج و ژمێریاری و کەرتی دڵنیایی.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا وەزیری دارایی ڕایگەیاند بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگە سوود لە ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی ئەردەن وەربگرێت، بە تایبەت لە بوارەکانی سیستەمی ئەلکترۆنی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە دارایی و بانکییەکان؛ لەو ڕوەشەوە جەختی لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان وەزارەت و کونسوڵخانەی ئەردەن کردەوە.