فەرەنسا هەماهەنگى بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا دوپات دەکاتەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان عیراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 1ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020، د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەت پێشوازیکرد لە سەلوا ناکۆزى بەرپرسى بەشى هەماهەنگى و کولتورى لە باڵیۆزخانەى فەرەنسا لە عێراق و شاندێكی یاوەرى.
لە دیدارێکدا بریکارى وەزارەت سوپاسی فەڕەنسای كرد بۆ ڕۆڵی ئەرێنیان لەبارەی پتەوکردنى هاوکارى و هەماهەنگى لە بوارەکانى زانستى و ئەکادیمى و پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆکانى کوردستان.
بەرپرسى بەشى هەماهەنگى و کولتورى لە باڵیۆزخانەى فەرەنسا لە عێراق، بەناوى باڵیۆزى فەرەنسا سوپاسى حکومەت و گەلى کوردستانى کرد بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هەماهەنگیان، دووپاتیشی كردەوە سەرۆکى فەرەنسا داواى لێیان کردوە هەمیشە لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان لە هەماهەنگى دا بن و پەرە بە ڕێککەوتن و پەیوەندییەکانیان بدەن.
هیواشی خواست ئەو ڕێککەوتن و یاداشتانەى لە نێوان هەردوولا دا هەن جارێکى دیكە کارا بکرێنەوە ئاماژەی بەوەش كرد فەرەنسا ئامادەیە بۆ هاوکارى و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا پەرەپێدانى پرۆگرامى خوێندنى دولایەنە لەگەڵ فەرەنسا تاوتوێکرا.