وەفدێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ کونسوڵى میسر لە هەولێر کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە مەبەستى پتەوکردنى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى میسر و ئامادەکارى بۆ کردنەوەى بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى ئەسکەندەرییە، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى کونسوڵخانەى میسر لە شارى هەولێر دەکات.
د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە یاوەرى سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و ڕاگرى کۆلێژى ئاداب و سەرۆک بەشى شوێنەوار، سەردانى کونسوڵخانەى کۆمارى میسرى عەرەبى لە شارى هەولێر کردو لەلایەن موحهمهد ئهحمهد وجیه حجازی کونسوڵى میسر پێشوازیان لێکرا.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا بریکارى وەزارەت جەختى لەسەر پتەوکردنى هاوکارى و هەماهەنگى کردەوە لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى میسر، و ئەنجامدانى ئامادەکارى بە مەبەستى کردنەوەى بەشى زمانى کوردى لە زانکۆى ئەسکەندەرییەى میسر بە هاوبەشى لەگەڵ زانکۆى سەڵاحەدین، هەروەک وتیشى: مەبەستمانە بەشدار بین لە کۆنفرانس و سیمینار و چاڵاکییە ئەکادیمییەکانى ئەو وڵاتەو سوود وەرگرتن لە ئەزموونى ئەم وڵاتە لە بوارەکانى هونەرە جوانەکان و فەلسەفە و شوێنەوارناسى و دیراساتى ئیسلامى.
لە بەرامبەردا کونسوڵی میسر خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەى وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەربڕى و ئامادەیی تەواوی بۆ زیادکردنى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان یەکتر ئەنجامدا. ڕاشیگەیاند: بۆ هەموو ئەو ئامانجانەى وەزارەتەکەتان هەیەتى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتى میسر، ئێمە درێغى ناکەین و لە پەیوەندى بەردەوام دەبین و هاوکارى سەرەکیتان دەبین بۆ سەرخستنى پڕۆژە زانستییەکانتان لەگەڵ زانکۆکانمان.