خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان، بەشدارى پێشبڕکێى (ICT) لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان دەکەن
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک خوێندکار و قوتابی زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، کە وابڕیارە لەچەند ڕۆژى داهاتوو بەشداریى بکەن لە پێنجەمین پێشبڕکێى ساڵانەى تەکنەلۆجیا و گەیاندن و زانیارى (ICT) کە لەلایەن کۆمپانیاى هواوى لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان لە وڵاتى سعودیە بەڕێوە دەچێت.
دواى نیوەڕۆى ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (2021/12/20) د. ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى ڕاوێژکاران و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى لەگەڵ خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان کە بەشداریى پێشبڕکێى (ICT) دەکەن کۆبۆوە و لە وتەیەکدا وێڕاى دەستخۆشى و هیواى سەرکەوتن بۆ بەشداربووان، سوپاسى کۆمپانیاى هواوى وڵاتى چینى کرد بۆ دروستکردنى ئەم هەماهەنگى و هاوکارییەى پێشکەشى کردووە بۆ بەشداریى خوێندکارانى کورد لەم پێشبڕکێیەدا.
د. ئارام محهمهد قادر دووپاتیکردەوە: جێگەى خۆشحاڵیە بۆ سێیەمین جارە خوێندکارانى زانکۆکانى کوردستان بەشداریى لە پێشبڕکێی (ICT) لەسەر ئاستى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکەن و پێشەنگی زانکۆکانی عێراق بوونە لە بەشداریکردن لە پێشبڕکێى ICt کۆمپانیاى هواوى و توانیویانە پلەى زۆر باش بەدەستبهێنن، بۆیە هیواى خواست لەم پێشڕکێیەشدا کە لە وڵاتى سعودیە بەڕێوە دەچێت تیایدا ١٣٠٠ خوێندکار و قوتابى بەشدارن، خوێندکارانى کوردستان بتوانن باشترین ئاست پێشکەش بکەن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە بەشداربووانى ڕاگەیاند، هاوکار و پاڵپشتتان دەبین بۆ سەرکەوتن لەم پێشبڕکێیە و دڵنیاتان دەکەین بەهرە و تواناکانتان لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا جێگەى ڕێز و پێزانینە، لەلایەن خۆشیانەوە بەشداربووان سوپاسى پشتیوانى و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیان کرد و بەڵێنیان دا لە پێشبڕکێیەکەدا ناوى هەرێمى کوردستان بە بەرزى بهێڵنەوە.
جێگەى ئاماژە بۆ کردنە لەساڵی ٢٠١٧ وە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یاداشتی لێکگەیشتنى لەگەڵ کۆمپانیای هواوی ئیمزاکردوە، بەمەبەستی هەماهەنگی زانستی لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن، لەم ڕوانگەیەشەوە کۆمپانیای هواوی سێ سێنتەری ڕاهێنانى لە زانکۆکانى سەڵاحەدین و پۆلیتەکنیکى سلێمانى و گەرمیان کردۆتەوە.