د.سەباح ئیبراهیم: وەزارەتى خوێندنى باڵا پشتیوانیى ئاڵوگۆڕى مەعریفى و پەرەپێدانى پەیوەندى نێوان زانکۆکان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بەهەمو جۆرێک پشتیوانى ئاڵوگۆڕى مەعریفى و پەرەپێدانى پەیوەندى نێوان زانکۆکان دەکات، بەتایبەت لەگەڵ زانکۆ ڕەسەن و ئاستبەرزەکانى جیهان.
ئەو ڕاگەیاندنەى دکتۆر سەباح ابراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١٢/٢٠٢١) لە میانەى وتارێکیدا هات، کە لە سێیەمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی زانکۆى جیهان- هەولێر و زانکۆى جداراى ئوردونى بە نوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەشی کرد.
کۆنفرانسەکە کە بەچاودێرى (د. ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و، بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، دەستی بەکارەکانی کرد و تیایدا چەند وتارێک پێشکەش کرا کە تایبەت بوو بە (ئاراستە نوێیەکان لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان).
لەو چوارچێوەیەدا، د. سەباح ابراهیم وەیس ڕاوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە نوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەش کرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا بەناوى د.ئارام محهمهد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە بەڕێوەچوونى سێیەمین کۆنفرانس کە تایبەتە بە دوو بوارى زۆر گرنگ لە بوارى یاسا و پەیوەندییە نێوەدەوڵەتیەکان و، لەلایەن هەردوو زانکۆى جیهان-هەولێر بە هاوبەشیى زانکۆى جدارا لە ئوردون بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە سەرۆکى هەردوو زانکۆکە کرد بۆ ئەو برایەتى و هاوکارى و هاوبەشە زانستیە لە نێوانیان دروستیان کردووە.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا ڕایگەیاند: سیاسەتى وەزارەت بریتییە لە جەختکردنەوە لەسەر ئەم جۆرە هاوکارى و هەماهەنگیە زانستیەى کە لە نێوان زانکۆکان بەڕێوە دەچێت بۆ پەرەپێدان بەئاستى زانستى و مەعریفى و ئاڵوگۆڕى زانستى نێوان توێژەران و مامۆستایان.
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا بە گرنگیەوە باسى لە ڕۆڵى شانشینى هاشمى ئوردونى کرد لە پاڵپشتیکردن و پشتیوانیکردنى گەلى کورد، وتیشى لە بوارى خوێندنى باڵادا هەوڵى گرنگ دەدات بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەى کواڵیتى خوێندن و دڵنیایی جۆرى لە زانکۆکان لە تێکڕاى ئاستەکانى خوێندن، لە هەمانکاتدا بایەخى زۆر بەکواڵیتى توێژینەوەى زانستى دەدات، جا لەلایەن توێژەران یان مامۆستایانى زانکۆ ئامادە بکرێ، بۆیە زانکۆکانى ئوردونیش لە ئاست ئەو زانکۆیانە دەبینین، کە ڕۆڵ و پێگەى زانستى گرنگیان هەیە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، دکتۆر سەباح ابراهیم وەیس هیواى خواست کۆنفرانسەکە کۆمەڵێک بیروبۆچوونى نوێ گەڵاڵە بکات بۆ پەرەپێدان بەگیانى پێکەوەیی و ڕێزگرتن لە یاسا و، پەرەپێدان بەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان، هەروەک ببێتە دەروازەیەکى گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى لەگەڵ زانکۆکانى دەرەوە بە تایبەت شانشینى هاشمى ئوردونى، لە کۆتاییشدا هیواى سەرکەوتنى بۆ کارنامەى کۆنفرانسەکە خواست.
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکەدا د.ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، د.محهمهد تاڵب مفلح سەرۆکى زانکۆى جدارا وتاریان پێشکەش کرد، لە وتارەکاندا بەچەند خاڵێک باسیان لە گرنگى لایەنەکانى کۆنفرانسەکە و هەنگاوەکانى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژ دەخایهنێت، تیایدا (٦٤) توێژینەوەی ئاست بەرز لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و مامۆستایانى زانکۆ لە ڕێگەى (٦) پانێڵى جیاوە لە بوارە جیاکانى یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەیتەکان دەخرێنەڕوو، دواتر لەلایەن ئامادەبووان گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێ.