Skip to the content

وەزیری خوێندنى باڵا: پشتگیرى بەرزکردنەوەى ئاستی خوێندن و کواڵیتی زانکۆ تایبەتەکان دەکەین

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشتى و پشتگیرى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و کوالێتى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دووپات دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت: پێویستە کار و چالاکی زانکۆکان لەسەر بنەماى پاراستن و گەشەپێدانى ئاست و کوالێتى خوێندن و فێربوون بێت.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکشەمە ڕێکەوتى ٢٠٢١/٥/٩، بەش و فاکەڵتی و تاقیگەکانى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى بەسەر کردەوە و لە وتەیەک پێداگرى کردەوە کە خوێندنى تایبەت و زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان کۆڵەکەیەکى گرنگن لە پڕۆسەى پێگەیاندنى ڕۆڵەکان و بنیادنانى توانا مرۆییەکان.
هەروەها باسى لەوە کرد کە "هێندەى لە تواناماندا بێت هەوڵ دەدەین دەرفەتى خوێندن و فێربوون لەسەر بنەماى یەکسانى و دادپەروەرى بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان دروست بکەین، یارمەتیدەر دەبین بۆ تۆخکردەنەوەی ئینتماى نیشتمانى و گەنجەکانمان لە وڵاتى خۆمان بە کوالێتى بەرزى خوێندن بە خەون و خولیاکانیان شاد بن و سەرمایەى نیشتمانیمان لەناوخۆ بە کار دەهێنین
دواتر پرێزنتەیشنێک لەسەر پێکهاتەو بەش و فاکەڵتییەکان و ژێرخانى زانکۆ و ستافى ئەکادیمى و ژمارەى خوێندکاران و قوتابیان و کۆنفڕانس و دەستکەوتە زانستییەکانى زانکۆکە بۆ ئامادەبووان خرایە ڕوو.