وەفدێکى کۆمیتەى زانکۆ نێودەوڵەتییەکان سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەمەبەستى پتەوکردنى زیاتر پەیوەندییەکانى نێوانیان و چارەسەرکردنى گرفتەکان، وەفدێکى کۆمیتەى زانکۆ نێودەوڵەتییەکان (IUC) سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییان کرد.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/٩/٢٠٢١) د.عبدولفەتاح عەبدولرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازى لە ئۆرهان عزیز ئۆغلو سەرۆکى کۆمیتەى زانکۆ نێودەوڵەتییەکان ناسراو بە (IUC) کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى ڕاویژکارى وەزارەت و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى دیوانى وەزارەت بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى چارەسەرکردنى گرفتەکان و پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستیەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى تورکیا بەگشتى و زانکۆکانى قوبرس بەتایبەت کرا.
د.عبدولفەتاح عەبدولرزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکیدا، دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکانى هەرێمى کوردستان پەیوەندییەکى پتەوى زانستیان لەگەڵ زانکۆکانى تورکیا هەیە و چەندین ڕێککەوتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە هەموو کات هانى زانکۆکانمان دەدەین پەیوەندى لەگەڵ زانکۆکانى تورکیا بەگشتى و زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان بەتایبەت ببەستن.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى وردەکارى کێشەکان و دەستنیشانکردنى چەند خاڵێک کرا بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان، لەوانە داننان بەدەرچوانی زانکۆکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی زانکۆکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە درێژە بەخوێندنی باڵا بدەن، لە کۆتایشدا گفتوگۆ لەبارەى چەندین بابەتی هاوبەش کرا بۆ چۆنیەتى برەودان بەئاستى پەیوەندییە زانستیەکان و ئاڵوگۆڕى ستافی زانستى لە نێوان هەردوولا.