Skip to the content

لەبوارى خوێندنى باڵا، هەرێمى کوردستان و ئیتاڵیا گەشەى زیاتر بەپەیوەندییەکان دەدەن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵى ئیتاڵیا گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى پتەوکردنى پەیوەندییەکان لەبوارى خوێندنى باڵا بەتایبەت لەبوارى تەکنیکى و پیشەیى کردەوەو، پرسى کردنەوەى بەشى زمانى ئیتاڵى لە یەکێک لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستانیش تاوتوێکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٤/٤/٢٠٢٢) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازیکرد لە مێکێلێ کامێرۆتا کونسوڵى ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان، لە دیدارێکدا کە هەریەک لە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبوون، گفتوگۆکرا لەبارەى پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ئیتاڵیا.
 
لەسەرەتاى دیدارەکەدا، د. ئارام محمد قادر دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان سوپاسى حکومەت و دەوڵەتى ئیتاڵیا کرد کە لە شەڕى داعش لە ڕووى لۆجستی و سەربازى و ڕاوێژکارییەوە هاوکارى هەرێمى کوردستان بوون، وتیشى ئەو هاوکارییە نیشانەى دڵسۆزى و هاوخەمى گەل و حکومەتى ئیتاڵیا بۆ حکومەت و خەڵکى کوردستانە، هیواشى خواست پێکەوە هاریکار بن بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بنەبڕکردنى بیرى توندڕەوەى و، دروستکردنى ژینگەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی لە ناوچەکەدا.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە پەپوەندییەکانى نێوان ئیتاڵیا و هەرێمى کوردستان کردو لەو بارەیەوە وتى: وەک وەزارەت پەیوەندییەکى باشمان لەگەڵ زانکۆکانى ئیتاڵیا هەیە و پێمان وایە بوار زۆرە لە نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ئیتاڵیا کە کارى لەسەر بکەین بۆ ئەوەى زیاتر پەیوەندییەکانمان پتەو بکەین، بەتایبەت لەڕووی کلتووری و ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و پێدانى زەمالە و پەرەپێدانى بوارى تەکنیکى و پیشەیى، بۆ ئەوەش داواى لە وەفدى میوان کرد هاریکاریان بن بۆ زیاتر گەشەپێدانى ئەم بوارانە.
 
لەلایەن خۆیەوە مێکێلێ کامێرۆتا کونسوڵگەرى کۆمارى ئیتاڵیا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕایگەیاند: مەبەستمانە لێرەوە بۆ داهاتوو کارەکانمان لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى خوێندنى باڵا پەرەى زیاتر پێبدەین و ئاستى پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین، بەشێوەیەک بتوانین بۆ داهاتوو بەشى زمانى ئیتاڵى لە یەکێک لە زانکۆکانى کوردستان هاوشانى زۆرێک لە زمانەکانى تر بکرێتەوە، ئەویش دواى ڕەخساندنى زەمینەسازى پێویست بۆ کردنەوەى بەشەکە.
 
دواتریش هەریەک لە ئامادەبووان بۆچوون و پێشنیازى خۆیان بۆ پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکان و پرۆژە زانستییەکان لەنێوان هەردوولا خستەڕوو، بەتایبەت کە وەزارەتى خوێندنى باڵا ٢٥ پڕۆژەى هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى ئیتاڵیا هەیە.