Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا، زەمالەی خوێندنى ماستەر لە وڵاتى کۆریاى باشوور ڕادەگەیەنێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فەرمانبەرانى وەزارەتەکەى ئاگادار دەکاتەوە کە وڵاتی کۆریاى باشوور لە چوارچێوەى ئەم پڕۆژە هاوبەشەى کە بۆ دەرفەتى خوێندن لە ماوەى (٥) ساڵ لە نێوان سەنتەرى لێکۆڵینەوەى پەرپێدانى نێودەوڵەتى کۆریاى باشوور و حکومەتى هەرێمى کوردستاندا هەیەتى، (٢) دوو کورسى خوێندنى ماستەر بە شێوەى  زەمالەی خوێندن پێشکەش بە دامودەزگاکانى وەزارەتەکەمان کردووە لە بوارەکانى (سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى).
 
هەر کەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەى تێدا بەرجەستە دەبێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
 
    
ماستەر:
· پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
· پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە. 
· ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
· داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆسەکەی لە هەمان بوار بێت).
· کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
· کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاریی زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
· پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ و تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (کۆریاى باشوور) دەبێت.
· تکایە ڕۆژی (١٩/٤/٢٠٢٢) تەواوی کۆپی ئەم دۆکیۆمێنتانەی خوارەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان/ بەرێوەبەرایەتی نێردراوان بکەن.
· پێویستە پێشکەشکار لاری نەبوونی فەرمانگەکەی بهێنێت کە تیایدا ماوەی ساڵانی خزمەتی دوای بە دەستهێنانی دوایین بروانامەی بە ڕوونی تیایدا دیاری کرابێت. لەگەڵ پوختەی ڕاژە کە هاوپێچی نووسراوی لاری نەبوونەکە بێت. بەڵام ئەگەر دانەمەزرا بو ئەوا پێویستە وێنەیەک لە کارتی زانیاری یان پشتگیری موختاری گەڕەک بهێنێت.
· وێنەیەک لە بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە هەردوو شێوە (بە نمرە و بڕوانامەی دیواری).
· توانستی زمانی ئینگلیزی.
· پاسپۆرت.
 
تێبینی : 
- هەرکەسێک ئەو مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- بۆ هەر پرسێارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.