Skip to the content

وەزارەتی خوێندنى باڵا بەشێک لە کێشەی کۆلێژى پەروەردە و کشتوکاڵى لە قەڵادزێ چارەسەرکرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) لە بەسەرکردنەوەیەکى مەیدانیداو بە مەبەستى بەدواداچوون و بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکانیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەردوو کۆلێژى پەروەردە و کشتوکاڵى لە قەڵادزێ بەسەرکردەوە و بەڵێنى هەوڵدانی بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى پێدان.
 
ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (3/4/2022) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە یاوەریى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وەزارەت، هەردوو کۆلێژى پەروەردە و کشتوکاڵى قەڵادزێى سەر بە زانکۆى ڕاپەڕینى بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکارانى ئەو شارە کۆبۆوە.
 
لەگەڵ گەیشتنى بۆ قەزاى قەڵادزێ، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە دوو کۆبوونەوەى جیادا لەگەڵ هەریەک لە ڕاگرایەتى و ستافى هەردوو کۆلێژى پەروەردە و کشتوکاڵ کۆبۆوە و لە نزیکەوە گوێى بۆ کێشە و گرفتەکانى هەردوو کۆلێژەکە ڕاگرت، دواتریش بەشێک لە کێشەکانى کە خستیانە ڕوو چارەسەر کران و بەڵێنیشى پێدان بە جددى لە گرفتەکانى دیکەیان بکۆڵێتەوەو بەپێى توانا چارەسەرى گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە. 
 
دواتریش د. ئارام محمد قادر لە نزیکەوە لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیانى قەڵادزێ کۆبۆوە و گوێى بۆ کۆى کێشە و گرفتەکانیان گرت و خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە و کۆبونەوەى لەگەڵ خوێندکاران نیشانداو ڕایگەیاند: دەمێک بوو دەمویست لە نزیکەوە ئاگادارى کاروبارى کۆلێژەکانتان بم و لە نزیکەوە گوێم لە ڕاو سەرنج و پێشنیازەکانتان بێت بۆ پێشخستنى بوارى خوێندنى باڵا لە سنوورەکەتان، بۆیە هیواى خواست دیدارەکەى لەگەڵ خوێندکارانى سنوورەکە ببێتە مایەی تێگەیشتنی هاوبەش و پێکەوە هاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و داواکارییەکانیان خاڵ لەسەر کێشە و گرفتەکان دانێن.
 
لەلایەن خۆشیانەوە خوێندکاران و قوتابیانى هەردوو کۆلێژى پەروەردە و کشتوکاڵى قەڵادزێ، خۆشحاڵى خۆیان بەو بەسەرکردنەوەیەی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەربڕى و بەڵێنیان دوپاتکردەوە کار بۆ سەرخستنى بوارى خوێندنى باڵا لە سنوورەکە بکەن.