Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا زانکۆى جیهان لەهەولێر بەسەردەکاتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان- هەولێرى بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە ئاستى زانستى زانکۆکەى کۆڵیەوە و پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ هەنگاوە زانستیەکانى زانکۆکە دوپاتکردەوە.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢٢) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى بەئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتی و بەڕێوەبەرایەتى خوێندنى تایبەت سەردانى زانکۆى جیهان- هەولێرى کردو، لەلایەن د. ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر و سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان پێشوازى لێکرا و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى دۆخى زانکۆکان و خوێندنى تایبەت کرا.
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: خۆشحاڵبووین بە بیستنى ئەو زانیارى و دەسکەوتە زانستیانەى لە زانکۆى جیهان- هەولێر بەدیهاتوون، وتیشى: ئێمە گومانمان لە تواناى زانستى زانکۆکە نیە، چونکە ساڵانە لە ڕیزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هەمیشە لە ڕیزبەندى پێشەوەى زانکۆ تایبەتەکانە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە دیدگەى وەزارەت بۆ خوێندنى تایبەت کردو ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەت خوێندنى تایبەت بە بەشێکى گرنگ و دانەبڕاو لە سیستمى خوێندن لە وڵاتەکەمان دادەنێین، چونکە کۆڵەکەیەکى گرنگن لەپرۆسەى پێگەیاندنى ڕۆڵەکانمان و بنیادنانى توانا مرۆییەکان، وتیشى: هەنگاوەکانتان بۆ بەدەستهێنانی متمانەی نێودەوڵەتی بۆ پرۆگرامەکانی خوێندن و متمانەی دامەزراوەیی نێودەوڵەتى جێگەی دەستخۆشیە، لەو چوارچێوەیەدا پاڵپشتى و پشتیوانى وەزارەتى بۆ زانکۆى جیهان- هەولێر دووپاتکردەوە، وتیشى ئاگادارم کە زانکۆکەتان لەپاڵ خزمەتکردن بەفێرخوازانى زانکۆ، لەهەمانکاتدا لە ڕێگەى کۆمەڵێک پرۆگرام توانیوتانە خزمەت بە چین و توێژە جیاکانى دیکەى کۆمەڵگە بکەن، ئەوەش دووپاتکردنەوەى ئەرکێکى سەرەکى زانکۆیە بۆ بونیادنان و پەرەپێدانى تواناکانى کۆمەڵگە لە دەرەوەى ژینگەى خوێندن.
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر دواى بەخێرهێنان کورتەیەکى لەبارەى تواناى زانستى زانکۆکە و ئەو دەسکەوتانەى لەماوەى ڕابردوودا بەدیهاتووە پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان پێشەنگى زانکۆى تایبەتە کە لە ساڵى ٢٠٠٧ کراوەتەوە، زانکۆ لەو ماوەیەدا گەشەسەندنێکى فراوانى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیوە، ئێستا خاوەنى (٧) کۆلێژ و (٢٣) بەشە کە نزیکەى شەش هەزار فێرخوازى هەیە، لە ڕووى ستافى زانستیەوە، وتى: زانکۆکەمان خاوەن نوخبەیەک لە مامۆستا و شارەزایی خاوەن ئەزموونە کە زۆربەیان لە وڵاتانى دەرەوە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، فەرمانبەرەکانیشمان ڕێژەى (٩٠%) لە دەرچووانى بەشە زانستیەکانى خۆمانن.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا و بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژینگەى خوێندن لە زانکۆکەدا، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و شاندى هاوڕێى هۆڵەکانى خوێندنیان بەسەرکردەوەو گفتوگۆى لەگەڵ فێرخوازان کرد، پاشان چەند تاقیگەیەکى لە تاقیگەکانى بەشە پزیشکى و زانستیەکان بەسەرکردەوە، دواتریش ئەرشیفى زانکۆى بەسەرکردەوە، لەو ئەرشیفەدا زۆربەى ئەو بابەتانەى تێدا نمایش کراوە، کە بەزمانە بیانیەکان نووسراون و زانکۆ کارى وەرگێڕانى بۆ کردووە و نمایشی کردوون.