Skip to the content

کۆبوونەوەى هاوبەشى وەزارەتى خوێندنى باڵا و وەزارەتى پەروەردە بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (2022/4/12) بە سەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و مامۆستا ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیرى پەروەردە، و ئامادەبوونى بریکارى هەردوو وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوولا، کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو وەزارەت بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى پەیوەست بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کۆبوونەوە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا کرد و، کۆبوونەوە دەورییەکانى نێوان هەردوو وەزارەتى بە بایەخ وەسفکرد بە مەبەستى تاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوانیان. بۆ ئەمەش وتى: تێگەیشتنى تەواومان بۆ هەردوو سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە بوونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتەکان.

لەبەرامبەردا وەزیرى پەروەردە لە وتەیەکدا کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوولاى بە شێوەیەکى دەورى بە گرنگ زانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ بکرێت. وتیشى: هەردوو وەزارەت کارى زۆرمان بە یەکەوە هەیە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێک تاوتوێکرا، لەوانە کردنەوەى بەشى زانست لە کۆلێژەکانى پەروەردە و پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکارى پێویست بۆ ئەم بابەتە دەکات.

تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستنى ستراتیژى خوێندنى پیشەیی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش دواى خستنەڕووى سیاسەت و ستراتیژى هەردوو وەزارەت بۆ بایەخدانى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەکە چەند ڕاسپاردەیەکى گرنگى دەرکرد، لەبارەى دەرکردنى گۆڤارى پەروەردەیى و خوێندن لە بەشەکانى دەروونناسى و کۆمەڵناسى و شێوازى خوێندن لە کۆلێژەکانى پەروەردەى بنەڕەتى، گفتوگۆى تێروتەسەلیان لەبارەوە کراو ڕاسپاردەى پێویست بۆ بابەتەکان دەرچوون.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بڕیارى پێویست درا بۆ بەستنەوەى تێزى ماستەر و دکتۆراى مامۆستا و فەرمانبەرانى وەزارەتى پەروەردە بە بابەت و پرسە پەروەردەییەکانى کۆمەڵگە و هەرێمى کوردستان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان و بەڕێوەبەرایەتى گشتى فێرکردنى بنەڕەتى و باخچەى منداڵان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا چەند پێشنیازێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەبارەى چەند پرسێکى هاوبەش خرایەڕوو، بۆ ئەمەش دواى گفتوگۆى نێوان هەردوولا ڕاسپاردەى پێویستیان بۆ دەرچوو.