Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا گۆڤارە زانستییەكانی هەرێمى كوردستان لە پلاتفۆڕمێکدا کۆدەکاتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لەپێناو  گەشەپیدانی تواناو کوالیتیی توێژینەوەی زانستی لە کوردستان و کۆکردنەوەى گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆکان، ئەنجوومەنی باڵای توێژینەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی، سەرجەم گۆڤارە زانستییەكانی زانكۆكانی كوردستان لە پلاتفۆرمێكدا كۆدەكاتەوە، کە ئەم ماڵپەرە تایبەتە بە کۆکردنەوەی گشت گۆڤارە زانستییەکانی هەرێمی کوردستان. ئامانج لەم هەنگاوەش ئاسانكارییە بۆ مامۆستایان و توێژەران بەمەبەستى دەستخستنى سەرجەم سەرچاوەكانی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی.
 
لە پلاتفۆرمەکەى ئەنجوومەنى باڵاى توێژینەوەدا، گۆڤارەكان بە پێی لیستی زانكۆكان و جۆرێتیی بابەتی بڵاوكردنەوە پۆلێن كراون، ھەروەھا سەردێڕی پەیجەكان بە ھەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەست کراون. لە شوێنی لێگەڕانیشدا دەتوانرێت بە نووسینی كلیلەوشە ئەو گۆڤارەی مەبەستە بە شێوازێکی خێرا بدۆزرێتەوە.
 
پلاتفۆرمی گۆڤارە زانستییەکانی کوردستان، لە ڕێگەى لینكى www.kasj.krd بەردەستە و گشت گۆڤارە زانستییەکانی هەرێمی کوردستانى تێدا کۆکراوەتەوە و ئێستا دەخرێتە بەردەستى توێژەران و مامۆستایان.