Skip to the content

لە کتێبێکدا خوێندنەوە بۆ خوێندنى باڵا لە سەردەمى کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکان کرا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لە ڕێوڕەسمێکدا کتێبی (خوێندنی باڵا لە سەردەمی کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا) کە لە نوسینی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی-یە ناساندنى بۆ کرا و داهاتەکەشى وەک هاوکاری و پشتیوانی دارایی بۆ نەخۆشخانەی (هیوا) لە شاری سلێمانی و نەخۆشخانەی (نانەکەلی) لە شاری هەولێر تەرخان دەکرێت.

ئێوارەى ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (٢٣/٨/٢٠٢٢) بە ئامادەبونى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و حەمەى حەمە سەعید وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان و سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و نوسەران و مامۆستایان، لە ڕێوڕەسمێکدا کتێبی (خوێندنی باڵا لە سەردەمی کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا) ناساندنى بۆ کرا.
لە وتارێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە وێستەگەکانى نوسینى ئەم کتێبە و ئامانجەکەى کردو ڕایگەیاند: بیرۆکەی نوسینی ئەو کتێبە لەوە سەرچاوەی گرت بەر لە وەرگرتنی پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى کاتێک بەرپرسیاریەتی ئەو وەزارەتەم کەوتە ئەستۆ، بەدواچون و خوێندەوەم بۆ کۆى کێشەو گرفتەکانی دەکرد، دوای بڵاو بونەوەی شەپۆڵی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئێمە وەک وەزارەت و ئەنجومەنی وەزارەت و زانکۆکان وەک پاڵپشتی دەستمان دایە هەنگاوەکان بۆ خزمەتی کەرتی تەندروستی.

د. ئارام محەمەد قادر وتیشی: بابەتەکانی ئەم کتێبە هەنگاوەکانی ڕوبەڕوبونەوەی کۆڕۆنا لە کوردستان لەخۆ دەگرێت ئەو بڕیارانەی تێیدان کە دەرەنجامی شەونخوونی تیمی وەزارەت و زانکۆکان بووە، جیا لەوەش ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕوومان بوونەوە تێیدا خراونەتەڕوو، بەتایبەت کارکردن بۆ درێژەدان بەخوێندن و دەیان هەنگاوی دیکە.

لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بەوە کرد ئەم مەراسیمە دەکەینە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانی دارایی بۆ نەخۆشخانەی (هیوا) لە شاری سلێمانی و نەخۆشخانەی (نانەکەلی) لە شاری هەولێر، بۆ ئەوەى بتوانین بەهۆى ئەم مەراسیمەوە هاوکارى هەردوو نەخۆشخانەکە بکەین و بتوانین کەمێک لە کێشەو گرفتەکانیان کەم بکەینەوە.