Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا دەرخستەی کردنەوەى دوو زانکۆى حکوومى لە هەرێمى کوردستان پەسەندکرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەرخستەی کردنەوەى زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان و زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکانى لە هەرێمى کوردستان پەسەندکرد. هەروەها ڕەشنووسى ڕێنماییەکانى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا و ماستەرو دکتۆرا، دواى گفتوگۆکردن پەسەندکرا کە لە داهاتویەکى نزیکدا ڕێکارەکانى داڕشتنەوەو بڵاوکردنەوەى ڕێنماییەکە تەواو دەکرێت.
 
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى ١٦ی ئابی٢٠٢٢، بەسەرپەرشتىی دکتۆر ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان، کۆبوونەوەى ژمارە پێنجى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ تاووتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچوو.
 
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاماژەى بە ئامادەکارییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بەمەبەستى پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن کرد، بۆ ئەمەش سەرەتا سوپاسى سەرۆک زانکۆکانى پێشووى کرد کە پارساڵ سەرەڕاى ئەو ژمارە زۆرەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى، توانرا زۆرترین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنرێ.
هەروەها سوپاسى سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتە پەیوەندارەکانى کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییان بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى. هەر لەبارەى ئامادەکارییەکان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، د. ئارام محمد قادر، تەواوى ئامادەکارییەکانى وەزارەتى بۆ پێشوازیکردن لە ساڵى نوێى خوێندن بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆکانى کوردستانى ڕاسپارد کە پلان و بەرنامەکانیان بۆ پێشوازى لە ساڵى نوێى خوێندن ئامادە بکەن، بۆ ئەوەى بەپێى پلانى زانستى پڕۆسەى خوێندنى ئەمساڵ بەپێى ساڵنامەى زانکۆیی دەستپێبکاتەوە.
 
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا، ئاماژەى بە ئامادەکردنى ڕەشنووسى ڕێنمایى خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا کرد، بۆ ئەمەش جەختى کردەوە کە ڕێنماییەکان بەشێوەیەک دابڕێژینەوە کە زۆرترین توانای زانکۆکانی بۆ تەرخان بکرێت و تیایدا ڕەچاوی پێوەر و ستانداردە زانستییەکان بکرێت، لەم ڕوانگەیەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە ڕێنماییەکان پێویستە بەجۆرێک دابڕێژرێن کە زۆرترین دەرفەتى درێژەدان بە خوێندنى باڵا بۆ گەنجانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنن و بتوانین تواناى زانستى و کارامەییەکانیان پەرەپێبدن.
هەروەها ڕێگر بین لەوەى سەرمایەى ماددی و مرۆیی وڵاتەکەمان بچێتە دەرەوە و دەبێت ئەو دەرفەتانە لە ناو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بڕەخسێنین، بۆ ئەمەش ئەنجوومەنى وەزارەت دواى گفتوگۆى زانستى، بەکۆى دەنگ ڕێنماییەکانى  خوێندنى باڵا/ دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆراى پەسەندکرد، بەشێوەیەک لە داهاتوویەکى نزیکدا ڕێکارەکانى دەرکردن و بڵاوکردنەوەى ڕێنماییەکە تەواو دەکرێن.
 
هەر لە کۆبونەوەکەدا کۆى پلانی وەرگرتنی خوێندنی بەرایی (دبلۆم، بەکالۆریۆس) لە زانکۆ حکوومیەکانى هەرێمى کوردستان خرایەڕوو، پلانەکە لەلایەن زانکۆکانەوە ئاراستەى وەزارەت کراوە بۆ شێوازەکانى (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) و بریتیە لە پێویستى و پلانى زانکۆکان. لەو چوارچێوەیەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم زانکۆکانى ڕاسپارد بەشێوەیەکى ورد و چڕ کاربکەن کە پلانى وەرگرتن بە شێوازێک بێت زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لەزانکۆ حکومییەکان بڕەخسێنین.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پرۆپۆزەڵى کردنەوەى هەردو زانکۆى (پۆلیتەکنیکى گەرمیان و زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان)ى لە هەرێمى کوردستان پەسەندکرد، جێگەى ئاماژەپێدانە کردنەوەى ئەم دوو زانکۆ حکوومییە لە چوارچێوەى ستراتیجى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە بەمەبەستى فراوانکردنى دەرفەتى خوێندنى تەکنیکى و بوارى زانستە کردارییەکان لەهەرێمى کوردستان، دواى پەسەندکردنى لەلایەن ئەنجوومەنى وەزارەت، پێشنیازى کردنەوەى ئەم دوو زانکۆیە ئاراستەى سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیران دەکرێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەسەر کردنەوەیان. 
 
لە بەشى کۆتایى کۆبونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزارەت گفتوگۆ لەبارەى ڕێنماییەکانى یەکسانکردنى بڕوانامەکان کرا و لیژنەى تایبەتى وەزارەت ڕاسپێدرا بۆ ئامادەکردنى ڕەشنووسی کۆتایى ڕێنماییەکان.