Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا زۆرترین خزمەتگوزارى لە ڕێگەى سیستمى ئەلیکترۆنییەوە پێشکەش دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەمەبەستى ئاسانکارى و کەمکردنەوەى ڕۆتین لە دامەزراوەکانیدا، لە ڕێگەى سیستمى ئەلیکترۆنییەوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى پێشکەش بە مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەران و هاووڵاتیان دەکات؛ بۆ ئەم مەبەستەش لەڕێگەى خولێکى بەڕێوەبردنى ویندۆز سێرڤەر، تواناى فەرمانبەران لەم بوارە زیاتر بەرزدەکرێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ٧ی ئابی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی د.تونا نەجەف محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى، لە ڕێوڕەسمێکدا کۆتایى بە خولێکى پێشکەوتووی بەڕێوەبردنى ویندۆز سێرڤەر هات کە بۆ ماوەى دوو هەفتە لەلایەن پەیمانگەى الماجد بۆ فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتیی تەکنەلۆژیا و زانیارى/ بەشى نێتۆرک سازکرابوو و تێیدا بڕوانامە بەسەر بەشداربوواندا دابەش کرا.

لە گوتەیەکدا وێڕاى دەستخۆشى بۆ ڕێکخەرانى خولەکە، بەڕێوەبەرى گشتیی کارگێڕى و دارایى ڕایگەیاند "وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زۆرترین خزمەتگوزارى بە شێوەى ئەلیکترۆنى پێشکەش بە چین و توێژەکانى سەر بە وەزارەت دەکات، لەو چوارچێوەیەدا هەریەک لە سیستمە ئەلیکترۆنییەکانى (یەکسانکردنی بڕوانامەکان، زانکۆلاین، بەدواداچوونی بەڵگەنامەکان، سەرچاوە مرۆییەکان، سێنتەرەکانی زمان، خوێندنی تایبەت، دارایی، نێردراوان و زانیاریی خوێندکاران) لە دیارترین ئەو سیستەمانەن کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەشى خوازیارانى دەکات و لە ڕێگەیەوە ئاسانکارى کردووە و بووەتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەى ڕۆتین لە دامەزراوەکاندا."