Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان ئیمزا کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – بە ئامانجى بەستنەوەى زیاترى پڕۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بە بازاڕى کار و ئاشنابوونی زیاترى خوێندکاران بە یاساکانى کار و خانەنشینیی دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، یادداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەتى (خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى) و (کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى) واژوو کرا.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى ٩ی ئابی ٢٠٢٢، بە سەپەرشتیی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و بە ئامادەبوونی بەشێک لە بریکار و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى هەردوو وەزارەت، ڕێوڕەسمی واژووکردنی یادداشتنامەى لێکتێگەیشتنى نێوان هەردوو وەزارەت بۆ پەرەپێدانى زیاترى پڕۆسەی بەکارخستن و بنیاتنانى کارامەیى بەڕێوە چوو.
لە دەستپێکدا، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى ئاماژەى بە گرنگیی ئەم یادداشتە کرد و ڕایگەیاند "ئامانجى سەرەکیمان درووستکردنی هەماهەنگیی زانستی و سوودوەرگرتنە لە توانا ماددی و مرۆییەکانی هەردوو وەزارەت و ئاڵوگۆڕی زانیاری سەبارەت بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و گونجاندنی لەگەڵ ناوەڕۆکی پڕۆگرامی خوێندن و ڕاهێنان لە زانکۆکان و هەماهەنگى دەکرێت لە نێوان بەشەکانی بەکارخستنی بەڕێوەبەرایەتییەکانى کارى سەر بە وەزارەتى کار لەگەڵ سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار-CDCی زانکۆکانی کوردستان بۆ تۆمارکردنى ناوى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ مەبەستی ڕاهێنان و دۆزینەوەى هەلى کار لە کەرتى تایبەت."
دەکرێت لە خاڵە گرنگەکانى یادداشتی نێوان هەردوو وەزارەت ئاماژە بە فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پڕۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و داڕشتنەوەی ستراتیژیی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە کوردستان بکەین، لەگەڵ هاندانی توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ توێژینەوەی زانستی دەربارەی کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی یاسای کار و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لەسەر بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان بۆ خوێندکارانى زانکۆ پۆڵیتەکنیکییەکان بۆ سوودوەرگرتن لە وەرشەکانى ڕاهێنانى پیشەیی سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و هاندانی دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە خولەکانى ڕاهێنانى پیشەیی و بەهێزکردنى تواناکان بۆ ئامادەکردنى گەنجان تا بتوانن دوای دەرچوون بە پڕۆژەوە بچنە ناو بازاڕی کار.