Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: بۆ پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى، سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى ئێران وەردەگرین

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پەیوەندییە زانستی و ئەکادیمیەکانمان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى ئێران لە ئاستێکى باشدایە و دەمانەوێت بۆ ڕیفۆرم لە خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى کۆمارى ئیسلامى ئێران وەربگرین.
 
ئەم ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕۆژی چوارشەممە  ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢٢) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە (نصراللە رشنودى) سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و وەفدى باڵاى ناوەندى زانستى و داهێنانى تەکنەلۆجى کۆمارى ئیسلامى ئێران.
 
لەو دیدارەدا کە بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبوون، سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکێکە لە وەزارەتە گرنگ و پڕ بایەخەکان و وەک کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش ئامادەى هەموو هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ ئەم وەزارەتە. وتیشى: زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچوونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبووە، دەمانەوێت ئەم بەرەو پێشچوون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆڕى زیاترى مامۆستا و خوێندکار و ڕاهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ببەین.
 
لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند کۆمارى ئیسلامى ئێران لە زۆر ڕەهەندەوە گرنگى و بایەخى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە، سەبارەت بە پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان هەردوولاش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دووپاتیکردەوە دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و پێشخستنى ئاستى زانستى و گۆرینەوەى ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و خوێندکار و مامۆستاکانمان لەگەڵ زانکۆکانى ئێران زیاتر پەرە پێبدەین، بە تایبەتیش بۆ ڕیفۆرم لە خوێندنى باڵا و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى سوود لە ئەزموونى کەڵەکەبووى ئەم وڵاتە وەربگرین بە تایبەت کە سێنتەرى پێشکەوتوو و ستاف و پڕۆگرامەکانى خوێندن لەم وڵاتە پێشکەوتوون.
 
سەبارەت بە زانکۆکانى ئەو وڵاتەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سیستم و بەرنامەى خوێندن لە وڵاتى ئێران بۆ ئێمە گرنگە و سوودى لێ وەردەگرین و سیاسەت و بەرنامەشمان ئەوەیە پەرە بە پەیوەندییەکان بدەین.