وەزارەتى خوێندنى باڵا و ئەنجوومەنی باڵای خانمان پەیوەندییەکانیان پەرە پێ دەدەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکان و پیادەکردنى ستراتیژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ یەکسانى جێندەرى، د.خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریكاری وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆبووەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٧ ی تەممووزی ٢٠٢٢) لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەئامادەبوونى ڕاوێژکارى وەزارەت بۆ کاروبارى توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى جێبەجێکردنى ستراتیژى حکومەت بۆ کاروبارى یەکسانى جێندەرى و گەشەپێدانى تواناکان کرا.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان دواى ئەوەى کورتەیەکى لەبارەى دامەزراوەکەیان و کاروچاڵاکى و نەخشەڕێى کارکردنیان لە بوارەکەدا خستەڕوو، بەگرنگییەوە باسى لە ڕۆڵى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بەتایبەت لە دیاریکردنى چۆنیەتى گەشەپێدانى تواناى خانمان لەلایەک و، دەستنیشانکردنى بنچینەى کێشەکانى یەکسانى جێندەرى و پێشنیازکردنى ڕێگەچارەکان لە ڕێگەى توێژینەوەى زانستى لەلایەکى دیکە، بۆ ئەوەش دووپاتی کردەوە کە دامەزراوەکەیان ئامادەیە فەند بۆ ئەو توێژەر و ئەکادیمیستانە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وەربگرێ، کە بەپێى پێویستى و خواستى دامەزراوەکەیان توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکان ئەنجام بدەن.
لە بەرامبەردا، بریكاری وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى شاندی میوان بە گرنگییەوە باسى لە پاڵپشتی و ڕاسپاردە بەردەوامەکانى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەت کرد بۆ پیادەکردنى یەکسانى جێندەرى و گەشەپێدانى تواناکان لە کاروبارى خوێندنى باڵا، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: لە ئێستادا خانمان سەرۆکایەتى چوار زانکۆ دەکەن، لەهەمانکاتدا لەئاستى بەڕێوەبەرى گشتى و یاریدەدەر و ڕاگرى کۆلێژەکان هەوڵ دەدەین ئامادەیی خانمان لە پۆستەکان زیاتر بکەین.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق باسى لە ڕۆڵ و ئەرکە گرنگەکانى سەنتەرى جێندەرى لە زانکۆکان کرد، ئەوە جگە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لەلایەن ئەکادیمیستان و توێژەران لە زانکۆکان، بۆ باشترکردنى پەیوەندییەکانی نێوانیشیان، بریکارى وەزارەت پێشنیازى ئیمزاکردنى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن کرد تا ببێتە هۆى دیاریکردنى نەخشەڕێى کارەکانى داهاتوویان.