ئەنجوومەنى پزیشکانى ئەردەن، متمانە دەبەخشێتە ئەنجوومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - دوای ئەوەی لە مانگى ئایارى ٢٠٢٢ شاندێکی ئەنجوومەنی پزیشكانی ئەردەن، کە لە نێو ئەنجوومەنەکانى پزیشکى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست زۆرترین ئەزموونیان هەیە، سەردانی ھەرێمی كوردستانیان کرد و لە ڕاپۆرتێکدا هەڵسەنگاندنیان بۆ سەنتەرەکانى ڕاهێنان و فێرکارى ئەنجوومەنى باڵاى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکانى هەرێمى کوردستان کرد، دواى گەڕانەوەیان متمانەیان (Accreditation) بەخشییە ئەنجوومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، قۆناغ بە قۆناغیش هەنگاو دەنێن بۆ متمانەى تەواو بە پڕۆگرامە جیا جیاکانى ئەنجوومەنەکە.
لە لێدوانێکدا د. ئاریان شێخ خاڵس سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشكییەكان ڕایگەیاند: لە دوای زنجیرەیەک سەردانیکردن و کۆششی بەردەوامى شاندی ئەنجوومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕیە پزیشکییەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواجار لەمیانى سەردانێکمان بۆ وڵاتى ئەردەن لەڕێکەوتى (٥ ی تەممووزی ۲۰۲۲)، ئەنجوومەنی پزیشکی ئەردەن متمانەی نێودەوڵەتی بەخشییە ئەنجوومەنی کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و دواتریش پڕۆگرام و سەنتەرەکانی فێرکاری سەر بەو دامەزراوەیە لە هەرێمی کوردستان. وتیشى: ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمى کوردستان و یەکێکە لە کارە گرنگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.