Skip to the content

سەرۆکی نوێی زانکۆی ڕاپەڕین دەستبەکاربوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە ئامادەبوونی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین بەڕێوەچوو، کە تێیدا د. پەیمان ڕەمەزان لە شوێنى د.مۆفەق خالید وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى ڕاپەڕین دەستبەکاربوو.
 
ڕۆژی پێنجشەمە ڕێکەوتى ٢٠٢٢/٧/٢١  لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرى گشتىی دیوان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و ستافى ئەنجوومەنى زانکۆى ڕاپەڕین، ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین بەڕێوەچوو.
 
لە سەرەتاى ڕێوڕەسمەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ستایشى کار و ئەرکە زانستییەکانى سەرۆکى پێشووى زانکۆى ڕاپەڕینى کرد بۆ خزمەتکردن بە زانکۆ و نەوەکانى خەڵکى تێکۆشەرى ئەو سنوورە. هەروەها هیواى سەرکەوتنى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆ خواست لەو ئەرکە تازەیەى پێى سپێردراوە بۆ پێشخستنى زیاترى زانکۆى ڕاپەڕین و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیی زانکۆکە.
 
لەو چوارچێوەیەدا لە بارەى ڕۆڵى خانمان لە سەرکردایەتیکردنى ناوەندە ئەکادیمى و زانستییەکانى کوردستان، وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە:"ئێمە باوەڕى تەواومان بە تواناى داهێنان و بەشداریی خانمانى کوردستان هەیە، لە گەشەکردنى کەرتى خوێندنى باڵاو بەشداریکردنیان لە پڕۆسەى بەرهەمهێنانى مەعریفەدا. هەروەها باوەڕمان وایە کە دەبێت خانمانى کوردستان ڕۆڵى زیاتریان هەبێت لە سەرکردایەتیکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و ڕێبەرایەتیکردنى هەنگاوەکانى ڕیفۆرمى قووڵ و ڕاستەقینە لەم کەرتەدا، هەر بۆیە ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتر بۆ خانمانى نێو کایەى ئەکادیمى کە لەم بوارەدا ڕۆڵى زیاتر و کاراتر بگێڕن ئەرکى سەرەکیمان بووە".