وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەپێناو پاراستنى ناوەندەکانى خوێندن و شکۆى مامۆستایان و ژینگەى خوێندن ههموو ههوڵێك دهدات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى ٣ ی تەمموزی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتى د. ئارام محهمهد قادر، سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبوونەوەى نا ئاسایى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لهبارەى کەیسى مامۆستایانى بەغەدر شەهیدکراو (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگری کۆلێژی یاسا و (د. ئیدریس حەمە خان) مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین– هەولێر.
لە سەرەتادا ئامادەبووان بۆ گیانى پاکى مامۆستایانى بەغەدر شەهیدکراو چەند ساتێک بەبێ دەنگى وەستان و پرسە و ماتەمیان بۆ گیانى پاکى مامۆستایانى شەهیدى زانکۆى سەڵاحەددین دووپات کردەوە.
لەم کۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە، کەیسى شەهیدکردنى مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەددین - هەولێر، کەیسی وەزارەتەکەمان و تاک بەتاکی مامۆستایانى کوردستانە، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتوور و بەها و نۆرمە نیشتمانییەکانمانە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت دڵنیایى دەدات بە سەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و هەموو خەڵکى کوردستان کە پێکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنى سەروەریی یاسا و بەدیهێنانى دادپەروەرى، هەروەها ئەنجومەنى وەزارەت داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە هاوکاریى دادگا بن بۆ سەلامەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان تاوەکو بە بڕیارێکى دادپەروەرانە ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوە و سەبوورى کەسوکارى قوربانیان بدرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێویستى دا بۆ ئەنجامدانى ڕێکارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوە و تەشەنەسەندنى ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لیژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچوونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕووداوە نەخوازراوە پێکهێناوە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دڵنیایى دەدات هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ، لەپێناو پاراستنى ناوەندەکانى خوێندن و شکۆى مامۆستایان و ژینگەى خوێندن، بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لە پەرلەمانى کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانى حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان هەیە، کە لەم پرسەدا هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتەکەمان و ناوەندە زانستییەکانى وڵاتەکەمان بن.