Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا پڕۆژەی بۆردی ڕاوێژکاری ئەکادیمی و پیشەسازی بە هاوکاری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى ٥ ی تەممووزی ٢٠٢٢  لە ڕێوڕەسمى دەرچووانى خوولى یانزەهەمى زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى به‌شداریی كرد كه‌ تیایدا سەرۆک و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆ و مامۆستایان و دەرچووان و کەسوکارەکانیان ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوون و زیاتر لە یه‌ك هه‌زار و ١٠٠ قوتابى و خوێندکار لە ٨ کۆلێژ و ٢١ بەش بڕوانامەى دەرچوونیان پێ بەخشرا.
لە وته‌یه‌كدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگه‌یاند سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی مامۆستایانی بە غەدر شەهید کراو داده‌نه‌وێنین و کەیسەکەیان بە کەیسی خۆمان دەزانین، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتوور و بەهاو نۆرمە نیشتمانییەکانمانە.
هەر لە ڕێوڕەسمەکەدا دەستخۆشی لە دەستەی ئەمینداران و ئەنجوومەن و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆى تیشکى نێودەوڵەتى کرد، کە لە پێگەیاندنی نەوەکانمان شەونخوونی و ماندووبوونی زۆریان پێشکەش کردووە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتیکردەوە دەبێت هەمیشە ئەو ڕاستییەمان لە یاد بێت کە پڕۆسەی خوێندن دەبێت ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕ و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان بێت، دەبێت باشتر هەوڵ بدەین کە ناوەرۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە ببەستینەوە و باشتر دەرچووان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کێبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار بکەن. 
بۆ ئەمەش وتى: لە ئێستادا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هاوکاری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و ڕێکخراوی ئایرێکسی ئەمەریکی) پڕۆژەیەکمان ئامادە کردووە بەناوی (بۆردی ڕاوێژکاری ئەکادیمی و پیشەسازی) کە ئەرکی ئەم بۆردە بریتی دەبێت لە بەستنەوەی زیاتری ئەکادیمیا و ناوەرۆکی پڕۆگرامەکانی خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوەی زانستی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی ، هەروەها ئەرکێکی دیکەی ئەم بۆردە بریتی دەبێت لە پتەوکردنی زیاتری کەلتووری هەماهەنگی لە نێوان سێکتەرە جیاجیاکانی حکومەت و زانکۆکان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و پیشەسازی و  ئەنجامدانی بەردەوامی ڕووپێوی بۆ ئەو کارامەییانەی کە پێویستن بۆ بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان. 
لە بەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمەکەدا وتارى سەرۆکى زانکۆ لەلایەن د. ئیدریس هادى ساڵح خوێندرایەوە کە تیایدا ئاماژەى بە دەستکەوتە زانستى و ئەکادیمییەکان و پێشکەوتنەکانى زانکۆ لە گشت ڕووەکان کرد. دواتریش لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبووانەوە خەڵاتى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەم و سێیەمى بەشەکان دابەش کرا.