Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: کەیسى شەهیدکردنى مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەددین، کەیسی وەزارەتەکەمان و هەموو خەڵکى کوردستانە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) -  د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ٤ ی تەممووزی  ۲۰۲۲،  سەرپەشتى  کۆبوونەوەى نا ئاسایی ئەنجوومەنى زانکۆى سەڵاحەددینی کرد تایبەت بە کەیسى مامۆستایانى بە غەدر شەهیدکراو (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگری کۆلێژی یاسا و (د. ئیدریس حەمە خان) مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین– هەولێر.
 
لە دەستپێکدا ئامادەبووان بۆ گیانى پاکى مامۆستایانى شەهید چەند ساتێک بەبێ دەنگى وەستان و پرسە و ماتەمیان بۆ گیانى پاکى مامۆستایانى شەهیدکراو دووپات کردەوە، دواتر د. کامەران یونس، سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین – هەولێر، لە وتەیەکدا ئاماژەى بە دوایین پەرەسەندنەکانى کەیسى بەغەدر شەهیدکردنى مامۆستایانى زانکۆ کرد و ڕایگەیاند: ئەم تاوانە هەرگیز ساردمان ناکاتەوە لە خزمەتکردن بە زانست و پێشخستنى ئاستى زانکۆ لە سەرجەم بوارەکاندا.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جارێکى تر پرسە و سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکار و بنەماڵە و سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارانی ھەردوو مامۆستای شەھید کرد و ڕایگەیاند: مامۆستایانى بە غەدر شەهیدکراو دوو مامۆستاى زانست پەروەر و دڵسۆز بەخاک و خەڵکی کوردستان بوون کە هەموو تەمەنیان بۆ خزمەتى زانکۆ و پێشخستنى ئاستى زانستى کوردستانەکەیان تەرخان کردبوو. بۆیە جارێکى تر لە بەردەم ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆى سەڵاحەددین دوپاتی دەکەینەوە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتوور و بەها نیشتمانییەکان، بۆیە دڵنیایى دەدەین بە سەرجەم مامۆستایانى زانکۆکان و کۆمیونیتى ئەکادیمى و خەڵکى کوردستان کە پێکەوە کار دەکەین بۆ پاراستنى سەروەرى یاساو بەدیهێنانى دادپەروەرى.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محەمەد قادر ئاماژەى بە هەوڵەکان کرد بۆ ئەم کەیسە و ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیارى پێویستى دەرکردووە بۆ ئەنجامدانى ڕێکارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە بوونەوە و تەشەنەسەندنى ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى پێویستمان بۆ بەدواداچوونى ڕەهەندە جیاجیاکانى ئەم ڕووداوە نەخوازراوە پێکهێناوە.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بریکارى وەزارەت و سەرجەم ئەندامانى ئەنجوومەنى زانکۆى سەڵاحەددین، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر سەروەرى یاساو چەسپاندنى دادپەروەرى لە کەیسى شەهیدانى مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەددین، دووپاتیان کردەوە دەبێت هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى و زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بین بۆ ئەوەى ببینە بەربەست و نەهێڵین ئەم دیاردە دزێوانە جارێکى تر بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.