Skip to the content

پێویستە قوتابیانی دەرەوەی وڵات فۆڕمى دۆسییەى خوێندن بەشێوەى ئۆنلاین پڕبکەنەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئاگادارى خوازیارانى خوێندن لە دەرەوەى وڵات دەکاتەوە، پێویستە فۆڕمى دۆسییەى خوێندن بە شێوەى ئۆنلاین پڕبکەنەوە، چونکە مەرجێکى بنەڕەتییە بۆ یەکسانکردنى بڕوانامە.
 
لە گشتاندنێکى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان بە ژمارە ١٢٢٢  لە ڕێکەوتى ٢٠٢٢/٧/٢٥ کە بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچوە و ئاراستەى گشت وەزارەتەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى کوردستان کراوە، تایبەتە بە کردنەوەى دۆسییەى خوێندن لە دەرەوەى وڵات.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە "مۆرکردنى ئۆفەرى خوێندنى قوتابى و خوێندکار کە پێشتر لە دیوانى وەزارەت ئەنجام دەدرا، ئێستا ئەم پڕۆسەیە نەماوە، بەڵکو بەمەبەستى ئاسانکارىی پڕۆسەکە، پڕکردنەوەى فۆڕمى دۆسییەى خوێندن و پەسەندکردنى ئۆفەرەکە بەشێوەى ئۆنلاین لە ڕێگەى لینکى (Scholarship (gov.krd)) ئەنجامدەدرێت.