Skip to the content

ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لەگەڵ تیمی باڵای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانى هەرێمی کوردستان کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ لە تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کاتیەتى هەڵوەستە و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو کارانە بکەین کە لە چوارچێوەى پلانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان دیارى کراوە، وتیشى: سەرەڕاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا، بەڵام بە پشتیوانى تیمى حکومەت و ئیرادەى زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران/ قوتابیان، توانیمان خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامى پێ بدەین و ڕووبەڕووى ئاڵنگارییەکان ببینەوە.
 
ئەم وتانەى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى ۱۲ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، لە میانی پێشوازى کردنى هات، لە تیمی باڵای سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کە پێکهاتبوو لە د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنى وەزیران و ڕاوێژکاران و سەرۆکی فەرمانگەکانی ئەنجوومەن و بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و تاوتوێکردنى چەند پرسێکى تایبەت بە خوێندنى باڵا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
 
لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى ڕایگەیاند: دواى تێپەڕبوونى سێ ساڵ لە تەمەنى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان کاتیەتى هەڵوەستە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کار و بەرنامەیە بکەین کە پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بۆ کەرتى خوێندنى باڵاو لەکارنامەى حکومەت دیارى کراون، وتیشى: لەگەڵ هەبوونى ئەو قەیرانانەى کە لەو ماوەیەدا لە تەواوى جیهان و هەرێمى کوردستان هاتنە پێش بە تایبەت بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا، بەڵام ئێمە لەگەڵ هەبوونى ئەو قەیرانانەش توانیمان بە پشتیوانى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى حکومەت و تیمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەهەبوونى ئیرادەى بەرزى سەرۆک زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران/قوتابیان نەمانهێشت خوێندن لە زانکۆکان بوەستێت، لەو چوارچێوەیەشدا د.ئارام محەمەد قادر وتى: ویژدانى خەڵکى ئێمە زیندووە و دەزانن بەو ئیمکانیات و ئامرازانەی کە لەبەردەستماندا بوون درێغی نەکراوە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان و بەجێگەیاندنی ئامانج وبەڵێنەکان.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وردەکارى کار و بەرنامەکانى وەزارەتەکەى و گرنگترین گرفت و ئاڵنگاریەکانى بەردەم کەرتى خوێندنى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ شاندى ئەنجوومەن خستەڕوو. 
لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنى وەزیران لەپاڵ دەربڕینى خۆشحاڵى خۆى بۆ کۆبوونەوەکە، لە هەمان کاتدا پشتیوانى خۆى دووپاتکردەوە بۆ گەشەپێدانى زیاترى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى بەردەوام لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و هەموو ئەو پرسانەى کە پەوەندیدارن بە سەرۆکایەتى دیوان هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ جێبەجێکردن و چارەسەرکردنى.
هەر لە وتەکەیدا د. ئومێد سەباح پشتگیرى و پاڵپشتى خۆى بۆ کارو پڕۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و خاڵ و بڕگەکانى کارنامەى وەزارەت دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: هاوکار و هەماهەنگ دەبین لەگەڵ ئەنجوومەنى وەزارەت بۆ جێبەجێکردنى بەرنامە و پڕۆژەکانى وەزارەتەکەتان، هەروەها پشتیوانتان دەبین لە هەموو ئەو پرسانەى پەیوەندیدارن بە سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران.
لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە ئامادەبووان چەندین سەرنج و تێبنییان لەبارەى هەماهەنگى و کارى هاوبەش خستەڕوو.