بە خستنەڕووى سیستهمە ئەلیکترۆنییەکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا لە سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتى هایتێکس بەشدارە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ٢٧ی حوزهیرانی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و ژمارەیەکى بەرچاو لە لێپرسراوانى حکومى، سێیەمین پێشانگاى نێودەوڵەتى هایتێکس کرایەوە، لە پەراوێزى کردنەوەى پێشانگاکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەو بەشەى پێشانگاکەى بەسەرکردەوە کە تایبەتە بە خستنەڕووى سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانى وەزارەت، کە ڕۆژانە کارى لەسەر دەکرێت و بۆتە ئاسانکارى بۆ مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان و فەرمانبەران و هاووڵاتیان.
هەریەک لە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانى (یەکسانکردنی بڕوانامەکان، زانکۆلاین، بەدواداچوونی بەڵگەنامەکان، سەرچاوە مرۆییەکان، سەنتەرەکانی زمان، خوێندنی تایبەت، دارایی، نێردراوان و زانیاری خوێندکاران) لە دیارترین ئەو سیستەمانەن کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشکەشى خوازیارانى دەکات و لەڕێگەیەوە ئاسانکارى پێشکەش دەکات و بۆتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەى ڕۆتین لە دامەزراوەکاندا.
هایتێکس گەورەترین پێشانگای ساڵانەی تەکنەلۆجیایە لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان. ساڵانە چەندین کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشداریی تێدا دەکەن و پڕۆژە و داهێنانەکانی بواری تەکنۆلۆژیای تێدا نمایش دەکەن.