سهنتەرەکانى توێژینەوەی زانستی لە زانکۆى هەڵەبجە و گەرمیان بهسهركرانهوه
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کاروبارى سهنتەرەکانى توێژینەوە و یەکخستنی تواناکان بۆ پەرەپێدانی بواری توێژینەوەى زانستى لە هەرێمی کوردستاندا، وەفدێکى وەزارەت بە سەرپەرشتى د.ئهمیر عهبدولڕهحمان ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی سهردانی زانکۆکانى هەڵەبجە و گەرمیانی كرد و لەلایەن د. مهاباد کامل عهبدوڵا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە پێشوازیان لێکرا.
لە دیدارێکدا سەرۆکی زانکۆ تیشکی خستەسهر هەوڵەکانی زانکۆ بۆ برەودان بەکاری توێژینەوە، کە بەهۆیەوە توانیویانە ژمارەیەک توێژینەوەی زۆرباش بڵاو بکەنەوە، پاشان وەفدی وەزارەت خوازیاری ئهوه بوون لە نزیکەوە ئاگادارى کاروباری سهنتەرەکانى توێژینەوەی زانکۆکان بەگشتى و زانکۆى هەڵەبجە بەتایبەت بن، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی تاقیگەی کۆلێجی ئەندازیاری شارستانی و پڕۆژەی دروستکردنی بینای تایبەت بە سهنتەری توێژینەوەی زانستی زانکۆکەیان کرد کە لە قۆناغی کۆتاییدایە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سهردانی زانكۆی گهرمیانیان كرد و لەلایەن .د. فەرهاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان پێشوازیان لێکرا ، دواتر لە زانکۆى گەرمیان هەڵسەنگاندنیان بۆ توانا لۆجیستی و مرۆییەکانی سهنتەرەکانی توێژینەوەى زانستى لە زانکۆکەدا کرد و پاشان ژمارەیەک لە تاقیگەکانی توێژینەوەی زانستىیان لە زانکۆی گەرمیان بەسەرکردەوە.