Skip to the content

وۆرک شۆپێک بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەشێک لە پڕۆژەکانى یەکێتی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمى کوردستان بریتییە لە هاندانی دەستپێشخەری دادپەروەرانە بۆ ڕێگەگرتن لەگەندەڵی لە دامەزراوەکان، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکخراوى  (UNDP)لە عێراق هانی کاربەدەستانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات پاڵپشتی دەستەی دەسپاکی بکەن، لەبواری هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی .
 
لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى ٥ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، وۆرک شۆپێک بۆ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی لە کەرتی خوێندنی باڵا بە بەشداریی بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەى زانستى و سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوولا، لەلایەن دوو پسپۆڕی بواری گەندەڵی کە وەک ڕاهێنەر و فێرکار لە ئۆفیسی عێراقی ڕێکخراوی (UNDP) کاردەکەن بەڕێوەچوو .
 
لە دەستپێکدا د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی، بایەخ و گرنگی ئەم پڕۆژەیەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەتایبەت لەکەرتی خوێندنی باڵادا خستەڕوو، لە هەمان کاتیشدا دەستخۆشی لە وەزیری خوێندنی باڵا کرد کە وەک یەکەم وەزارەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان قبووڵی بەشداریکردن لەو پڕۆژەیەی (UNDP) داوە و مەبەستیەتی لە کەرتی خوێندنی باڵادا ڕووبەڕووی گەندەڵی و لادان لە بەهاکانی زانست و ئەکادیمی ببێتەوە .
 
دواتر د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەناوی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە ڕاهێنەران و پسپۆڕانی (UNDP)و دەستەی دەسپاکی لە هەرێمی کوردستان کردو وتی: پێشووتر بەرنامەی چاکسازی گەندەڵی لەبواری ئەکادیمیا و بەتایبەت لە بواری توێژینەوەی زانستیمان هەبووە و هەر بۆیە وەک یەکەم وەزارەت دەستپێشخەر دەبین لە بەشداربوون لەو پڕۆژە گرنگەی(UNDP) .
 
دواتر لەلایەن هەردوو پسپۆڕ و ڕاهێنەر لەبواری گەندەڵی نێودەوڵەتی (حوسێن حەسەن و محەمەد هاڕون موعتەسەم ) بەرنامەی کاری وۆرک شۆپەکە خرایەڕوو کە بۆ ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی دەسپاکی و(UNDP)  بەشدار دەبن و بەرنامەی کاریش تایبەت دەبێت بە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی لە کەرتی خوێندنی باڵا بە تایبەت لە ئەنجامدان و پێشکەشکردنی توێژینەوە زانستییەکاندا .