Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا سەرجەم بۆنە و چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆکانى کوردستان ڕادەگرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ٢٨ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونى د. ئارام محه‌مه‌د قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و فەرمانبەران و مامۆستایان، ڕێوڕەسمێکى ماتەمینى بۆ شەهیدکردنى هەریەک لە (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەددین و (د.ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەددین بەڕێوەچوو. 
لەسەرەتاى ڕێوڕەسمە ماتەمینیەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەریەک لە مامۆستایانى شەهید دوو مامۆستا و ئەکادیمى بەتوانا و شارەزا و لێهاتووى زانکۆى سەڵاحەددین بوون و لە ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو و نەخوازراودا شەهید کران. بۆیە وەک وەزارەتەکەمان پرسە و سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکار و خانەوادەى مامۆستایانى شەهید دەکەین و هیواى چاکبوونەوەى خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازین.
هەروەها بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەستدرێژیانە دەکەین و لەپێناو سەروەرى یاسا و پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەموو ڕێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى ببینە بەربەست و نەهێڵین ئەم دیاردە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.
هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محه‌مه‌د قادر، زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى ڕاسپارد بە داگرتنى ئاڵاى وەزارەت و زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ رۆژ و ڕاگرتنى سەرجەم چالاکییە زانستییەکان و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکانى دەرچوون لەسەرجەم زانکۆکانى حکومى و تایبەت بۆ ماوەى سێ ڕۆژ.