وەزیرى خوێندنى باڵا: بڕى ١ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، بۆ پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى تەرخان دەکەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان و بایەخدان بە توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان، بە هاوکاری و پشتیوانى سەرۆکی دیوانى سەرۆکایەتی ئەنجومەنى وەزیران، بڕیارماندا بە تەرخانکردنى بڕى (١,٥٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار، بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەو توێژینەوانەى دەچنە بوارى خزمەتکردن بە کێشەو بابەتە گرنگەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگە.
ئەو ڕاگەیاندنەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (2022/6/20) لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى کۆیە هات، کەتیایدا (د. محمد حسیب) لە شوێنى (د. وەلى محمود) وەک سەرۆکى نوێى زانکۆى کۆیە دەستبەکاربو.
ڕێوڕەسمەکە بەئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى کۆیەو یەکە ئیدارییەکانى سنورەکە بەڕێوەچو، لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارەکانى سەرۆکى پێشوى زانکۆى بەرزنرخاند بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و کۆیە، بۆ ئەمەش داواى لە ستافى زانکۆى کۆیە کرد بە هەمان روحیەت پاڵپشتى سەرۆکى نوێى زانکۆ بن بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆى کۆیە. وتیشى: بەرهەم و کارە زانستییەکانى زانکۆى کۆیە، جێگەى شانازى هەمومانە، داواتان لێدەکەم ناو و ناوبانگى ئەم زانکۆیەو پێشکەوتنەکانى ئەم زانکۆیە باشى بپارێزن و ئێمەش لە وەزارەتەوە هاوکارى سەرەکیتان دەبین بۆ درەوشانەوەى زیاترى زانکۆى کۆیە لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى.
هەر لە وتەکەیدا بۆ ئامادەبوان، د. ئارام محمد قادر باسى لە گرنگى و بایەخى توێژینەوەى زانستى کردو ڕایگەیاند: توێژینەوەى زانستى بنەماى پێشکەوتنى کۆمەڵگەو حکومەت و دامەزراوەکانە، بۆیە ئەو حکومەتانەى لەسەر بنەماى دەرئەنجامەکانى توێژینەوەى زانستى کار و پلانى داهاتویان دادەڕێژن، کۆمەڵگەو حکومەتى پێشکەوتون و بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە دەتوانن ڕوبەڕوى ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
هەر بۆیە بەمەبەستى پەرەپێدانى زیاترى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و بایەخدان بە توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان، بە هاوكاری و پشتیوانى بەڕێز د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانى سەرۆکایەتی ئەنجومەنى وەزیران، بڕیارمان داوە بە تەرخانکردنى بڕى (١,٥٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ ئەجامدانى توێژینەوەى زانستى و ئەو توێژینەوانەى دەچنە بوارى خزمەتکردن بە کێشەو بابەتە گرنگەکانى پەیوەست بە کۆمەڵگەکەمان، دوپاتیشیکردەوە: لە زانکۆکانى کوردستان توێژەرى بەتوانامان هەیە، کە ساڵانە لە بوارە جیاوازەکان توێژینەوەى گرنگ ئەنجام دەدەن، بۆیە تەرخانکردنى ئەم بڕە پارەیە بۆ توێژینەوەى توێژەرەکانمان، بەشداریکردنە لە بونیادنانەوەى ژێرخان و سەرخانى هەرێمى کوردستان.
لەبەشێکى دیکەى ڕێوڕەسمەکەدا، هەریەک سەرۆکى پێشو و ئێستاى زانکۆى کۆیە، لە دو وتەى جیادا پشتیوانى و هاوکارى خۆیان بۆ یەکتر و بە بەرز هێشتنەوەى ناو و ناوبانگى زانکۆى کۆیە دوپاتکردەوە، ڕایانگەیاند: بۆ پێشکەوتنى زیاترى زانکۆ و پەرەپێدانى تواناى مامۆستایان و توێژەران لە سەنگەرى خزمەتکردنى زانست و مەعریفەدا دەبن.