Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: بۆ خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى، سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى ئێران وەردەگرین

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەماهەنگى زانستی و ئەکادیمی ئێمە لەگەڵ زانکۆ ئاست بەرزەکانی وڵاتى ئێران لە ئاستێکى باشدایەو مەبەستمانە بۆ ڕیفۆرم لە خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى سوود لە ئەزموونى زانکۆکانى ئێران وەربگرین.
 
ئەم وتانەى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (١۳ ی حوزەیرانی ۲۰۲۲،  لە میانى پێشوازیکردنى هات لە (نەسروڵا ڕەشنودى) سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر و شاندێکى کونسوڵخانە.
 
لەو دیدارەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبوون، سەر کونسوڵى کۆماری ئیسلامی لە هەولێر لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکان و وەک کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ ئەم وەزارەتە، لەو چوارچێوەیەشدا بە مەبەستى فراوانکردنى ئاستى پەیوەندییەکان و پەرەپێدانى هەماهەنگى نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆکانى هەرێم و کۆمارى ئیسلامى ئێران، بانگهێشتنامەی فەرمى پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بە مەبەستى سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێران.
 
سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر دووپاتیکردەوە زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچوونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەیە و، دەمانەوێت ئەم بەرەو پێشچوون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆڕى زیاترى مامۆستا و خوێندکار و ڕاهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ئاراستە بکەین.
 
لە وتەیەکیشدا د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: مەبەستمانە هاوکارى و هەماهەنگیمان لە بوارى خوێندنى باڵا و پێشخستنى ئاستى زانستى و ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و خوێندکار و مامۆستاکانمان لەگەڵ زانکۆکانى ئێران بەتایبەت بۆ گەشەپێدانى بوارە تەکنیکی و پیشەییەکان زیاتر پەرە پێبدەین، بەتایبەتیش بۆ ڕیفۆرم لە خوێندنى باڵا و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى سوود لە ئەزموونى کەڵەکەبووى ئەم وڵاتە وەربگرین، بەتایبەت کە سەنتەرى پێشکەوتوو و ستاف و پرۆگرامەکانى خوێندن لەم وڵاتەدا تا ئاستێکی بەرچاو پێشکەوتوون. 
 
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا چەند پرس و بابەتێکى پەیوەست بە پرۆسەى خوێندن و ئاستى گەشەسەندنى پەیوەندییەکان، گفتوگۆى لەبارەوە کرا.