Skip to the content

ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا: چاوەڕێی پرۆژەی گەورە لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی دەکەین

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی كاروباری سەنتەرەكانی توێژینەوە و یەكخستنی تواناكان بۆ پەرەپێدانی بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان، د. ئەمیر عەبدولڕەحمان چاڵى ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، سەردانى دەستەى کوردستانى بۆ دیراساتى ستراتیژى و توێژینەوەى زانستى کرد و لەلایەن د. پۆڵا ئازاد خانەقا سەرۆكی دەستە و ستافەکەى پێشوازی لێكرا.
 
لە دیدارێكدا گفتوگۆ كرا لەبارەی پەرەپێدانی بواری توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستاندا، پاشان تاقیگە و سەنتەر و بەشە جیاجیاكان و گەورەترین پەیكەری دایناسۆر، پیشانگەی وێنەیی شێوازەكانی دەركەوتنی ژیان لەسەر گۆی زەوی، جیۆپاركی دەستەی كوردستانیی بەسەرکرانەوە.
 
 لە وتەیەکدا ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی سەردانەكانمان بۆ سەنتەرەكانی توێژینەوە لە زانكۆكانی كوردستان، سەردانی دەستەی كوردستانی- مان كرد لە شاری سلێمانی، کە مەبەستی سەرەكی سەردانەكە ئاگاداربوونە لە ژێرخانی تاقیگەكان لە ڕووی ئامێر و ستافی توێژەرەوە، هەروەها ئاگاداربوونە لە چۆنێتی و چۆنایەتیی توێژینەوەكان، ڕاشیگەیاند: دڵخۆشم بە هەبوونی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، لەبەر هەبوونی ژێرخانێكی ئاستبەرز لە ڕووی ئامێر و تاقیگە و ستافێكی پرۆفیشناڵ و هەبوونی دیدگا بۆ پڕۆژەی توێژینەوە، لە هەمووی باشتر هەبوونی كەشوهەوایەكی دۆستانە و بابەتیانە لە نێوان بەرپرسان و ستاف و كارمەندانی دەستەی كوردستانیدا، وتیشی: چاوەڕێی كار و پڕۆژەی گەورە لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی دەكەین.