دووەمین فیستیڤاڵی زانستی و کەلتووری زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) بە چاودێریی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە دووەمین فیستیڤاڵی زانستی و کلتووری زانکۆی هەڵەبجە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
ڕۆژى پێنجشەممە ٣١ی ٣ی ٢٠٢٢ ، لە کەمپی زانکۆ بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پارێزگاری هەڵەبجە و قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی بەڕێوەبەری پۆلیس و چەندین بەرپرسی حکومی و حزبی و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و چین و توێژەجیاوازەکان، دووەمین فیستیڤاڵی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
سەرۆکی زانکۆ (پ.د.مهاباد کامل عەبدوڵا) لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی وەزیری خوێندنی باڵاو وەفدی هاوڕێی و پارێزگار و لێپرسراوانی حکومی و حزبی و میوانان کرد، لە وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ ڕایگەیاند” ئەم فیستیڤاڵە چەندین ڕەهەندی جیاواز و هەمەچەشن لەخۆ دەگرێت، ئەوەش جارێکیتر بەها بەخشینەوەیە بە هەموو ڕەنگەکان، کە پێویستە فەلسەفەی بنچینەیی زانکۆی لەسەر دابمەزرێت”
دواتر د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتەیەکدا تیشکی خستەسەر دەوڵەمەندی کلتوور بەتایبەت ئەدەبیاتی هەڵەبجە و وتى”لە بێسارانیەوە دەست پێدەکەین و وەک پێویست ئاوڕمان لە کلتووری دەوڵەمەندی خۆمان نەداوەتەوە” وتیشی بێسارانی باوکی ڕێبازی ڕۆمانسیزمی ئەدەبە” ، لە درێژەی وتارەکەیدا د.ئارام محمد قادر، ئاماژەی بە چەندین شاعیری دیکەی ناوچەی هەڵەبجە کرد وەک (نالی، ئەحمەد موختار جاف، گۆران)، ناوبراو ڕوونیشیکردەوە پێداچوونەوەیتر بە ئەدەبی شاعیران ئەرکی زانکۆ و ڕۆشنبیریە و بەپێویستی زانی توێژەرانی زانکۆی هەڵەبجە بە وردی کاری لەسەر بکەن و ئاماژەیکرد بەوەی ئەرکی زانکۆی هەڵەبجە جیاوازە لە ئەرکی زانکۆکانی تر لەم ڕووەوە.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی پێکەوەژیان و دەوڵەمەندی کلتووری ناوچەکە کرد و وتى” لەبواری ئایینی، یارسان و خانەقاکان ڕۆڵیان لە پێشخستنی کۆمەڵگە هەبووە،، کلتوورمان کلتووری ئاشتی و پێکەوەژیانە، شێخانی نەقشبەندی تا دەگات بە د.مستەفا زەڵمی لە هەڵەبجە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵی گەورە و پێشەنگیان هەبووە”، د.ئارام باسی لەوەشکرد هەڵەبجە مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە و ڕژێمی بەعس ترسی لە زیندووێتی بوارە جیاوازەکانی هەڵەبجە هەبوو، بۆیە هەوڵی لەناوبردنی دەداو ئەوەش هۆکاری شەهیدکردنی پێنج هەزار پەپوولەی ئەو شارە بوو.
لە کۆتایی وتەکانیدا د.ئارام محمد قادر بەڵێنیدا هاوکار و پشتیوانی تەواوی زانکۆی هەڵەبجە بێت”وەزارەت بەڵێن بە شەهیدانی هەڵەبجە دەدات و هەموو هەوڵێک بۆ پشتگیریکردنی دەدات بۆ خزمەتکردن، پشتیوانی زانکۆ دەکەین بۆ چارەسەری کەموکورتیەکان و خۆم بەخزمەتکاری هەڵەبجە دەزانم”.