Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنى خولى سێیەمى ڕاهێنانى مامۆستایانى پێداگۆجى دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - پێداگۆجى، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ چاکسازى و ڕیفۆرم لە پڕۆسەى وانە وتنەوەدا، لەم پڕۆسەیەدا وەزارەت بە هاریکارى پارتنەرە نێودەوڵەتیەکان ماوەى چەند ساڵێکە دەستپێکردووە توانیویەتى گۆڕانکارى بنەڕەتى لە شێوازى پێداگۆجى (ڕێگەکانى وانە وتنەوە) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بکات.
 
ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى لە زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو،  کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەى پەرەپێدانى زیاتر بەخولەکانى پێداگۆجى ئەنجامدرا.
 
لە وتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕیفۆرمی سیستمی پێداگۆجی خاڵی وەرچەرخانە بە ئاراستەی فراوانکردنی دونیابینی نەوەی تازەو ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار  بۆ ئازادی بیرکردنەوە و، داهێنان و کارسازی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە و پێداویستییەکانی بازاڕ و گەشەکردنی ئابووری وڵاتەکەمان، ڕاشیگەیاند: دەبێ هەوڵ بدەین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هونەری گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانست و بنیادنانی کارامەیی بەدی بهێنین، لە هەمانكاتدا دەبێ متمانەی تەواومان بە توانای ناوازەی یەکە بە یەکەی قوتابیان و خوێندکارانمان هەبێت و، دەرفەتی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئەو توانایانە بڕەخسێنێت.
 
هەر سەبارەت بەگرنگی پڕۆسەی پێداگۆجی، د.ئارام محەمەد قادر وتی: پرۆسەی خوێندن دەبێت لەسەر بنەمای  (فێربوون و بیرکردنەوەی داهێنەرانە و کارسازی) دابڕێژینەوە، هەموو خوێندکارێک دەبێت بەشداربێت لە کارێکی داهێنەرانە" کە خزمەت بە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی سێکتەرەکانی کۆمەڵگە بکات و، هەوڵ بدەین پرۆسەی خوێندن بە تەواوەتی لەگەڵ کۆمەڵگە و بزنس و کەرتی پیشەسازی هەماهەنگ و پێکەوە گرێدراو بن، چونكە پرۆسەی فێربوون لە سەدەی بیست و یەکدا پرۆسەیەکی داینەمیکە و دەبێت هەموو سووچێکی کۆمەڵگە وەک ژینگەیەکی پەروەردەیی بۆ خوێندن و فێرکردن بەکار بهێنرێت، بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆگرامەی ئێوەش خزمەت بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە دەکات، لە كۆتایی وتەكەشیدا سوپاسی تایبەتی زانکۆی هامکى كرد، لە هەمانكاتدا سوپاسی مامۆستایان و ڕاهێنەرانى زانکۆکانى کرد بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسە.
 
هەروەک وتیشى: لە ئێستادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکارى پێویست دەکات بە مەبەستى دەستپێکردنى خولى سێیەمى ڕاهێنانى مامۆستایانى پێداگوجى، بەم شێوەیە ژمارەیەکى تر لە مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان ئامادە دەبن بۆ پڕۆژەى پێداگۆجى.
 
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەرى سێنتەرەکانى پێداگۆجى لە زانکۆکان چەندین پێشنیاز گەڵاڵە کرا بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونى خولەکان، لە هەمانکاتیشدا لەلایەن بریکارى وەزارەتەوە دیدگەى وەزارەت بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچونى خولەکان و ئاییندەى دەرچووانى پێداگۆجى و سوود وەرگرتن لە تواناکانیان بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار بۆ کۆمەڵگە و، پێشکەشکردنى توێژینەوەى ڕەسەن بۆ پێشکخستنى بوارە جیاوازەکان لە حکومەت و کۆمەڵگە خرایەڕوو.