Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا بۆ سەنتەرەکانی زمان: نەزاهەتی زانستی کارەکانتان بپارێزن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرۆکی سەنتەرەکانی زمانی ئینگلیزى زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ماوەی کارەکانتان هەوڵی زۆرتان داوە بۆ پاراستنی کواڵێتی و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی سەنتەرەکانی زمان، ئێمەش وەک وەزارەت پشتیوانتانین و کار بکەن بۆ پاراستنی نەزاهەتی زانستیتان.
 
ئەم وتانەی د.ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (٣٠/٣/٢٠٢٢) لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هات لەگەڵ سەرۆکی سەنتەرەکانی زمانی ئینگلیزى لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە هەریەک لە د.ئامانج عبداللە ڕاوێژکاری وەزیر و د.محمد حسین سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆریی ئامادەیبوون.
 
 لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپاڵ پشتیوانی و پشتگیری بۆ سەنتەرەکانی زمان جەختی کردەوە پێویستە تواناکان یەکبخرێن بەو ئاراستەیەی سەنتەرەکانی زمان بگەیەندرێنە ئاستێکی زانستی بەرز، وتیشی: بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی سەنتەرەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان وەزارەت ئامادەی تەواوی هاوکاری و پشتیوانیەکە. پێشى ڕاگەیاندن دڵنیام ئێوە لەژێر هیچ کاریگەریەک دەستبەرداری نەزاهەتی زانستی کارەکانتان نابن.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا د.محمد حسین سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ئاماژەی بە ڕێکەوتنی وەزارەت لەگەڵ زانکۆی کامبریدج کرد بۆ پەرەپێدان بە توانای سەنتەرەکانی زمان و هەڵسەنگاندنی کارەکانی ڕابردوویان و داڕشتنی بەرنامەیەکی زانستی گونجاو بۆ پەرەپێدان بەو سەنتەرانە، لەو چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لە کارکردنی بەردەوام لەم ڕووەوە کردەوە و تەواوی هاوکاریەکانی وەزارەتی بۆ دووپات کردنەوە، لە کۆتاییشدا سەرۆکی سەنتەرەکانی زمانى ئینگلیزى سەرنج و پێشنیازەکانیان خستەڕوو.