Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا: کایەی ئەکادیمی بەبێ بەشداری کارایی خانمان لاسەنگ و نایەکسانە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە کاتێكدا لە (٥٧٪)ی خوێندکارانی زانکۆکان لە ڕەگەزی مێ پێکدێن، بەڵام لە ناو مامۆستایاندا ڕێژەی خانمان تەنها (٣٣٪)یە، لە سەرکردایەتی دامەزراوە ئەکادیمییەکاندا ڕێژەکە یەکجار کەمە. بۆیە لە خوێندنی باڵا پێویستیمان بە بیرو هزری خانمانە.
 
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (٨ى مارسى ٢٠٢٢) لەمیانى ڕێوڕەسمێکى تایبەت هات کە بەو بۆنەیەوە بۆ کچان و خانمانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە بەشدارى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ڕێکخرابوو.
 
لە وتەیەکدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: ٨ی مارس چەندە ڕۆژی یادکردنەوە و بەسەرکردنەوەی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنانە لە دونیادا، چەندە ئاوڕدانەوەیە لە ڕابردوو لە مێژوو، ئەوەندەش چاوبڕینە لە ئاسۆی ئایندە، بۆ ئەمەش وتى: ژنان لە دێرزەمانەوە ڕۆڵی گەورەیان لە شۆڕشەکانی گەلەکەماندا بینیوە، چ وەک دایک، چ وەک تێکۆشەر و پێشمەرگە لە سەردەمی دوای ڕاپەڕینیشدا ڕۆڵی گرنگ و مێژووییان گێڕاوە کە ئەمانە دەستکەوتی گەورەن و بەرهەمی خەباتی بزووتنەوەی ژنانن، بەڵام هێشتا کاروانەکە درێژەی هەیە.
 
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دووپاتیکردەوە باوەڕى تەواومان بە یەکسانی و هاوسەنگی جێندەری هەیە و هەمیشە لە پشتتان دەبم و باشتر و زۆرتر لە ناو سێکتەری خوێندنی باڵا دەرفەتتان بۆ دەڕەخسێنین، هەم لە سەرکردایەتیکردنی دامەزراوە ئەکادیمییەکان، هەمیش لە پرۆسەی خوێندن و فێربوون و توێژینەوەی زانستی  و پەرەپێدانی تواناکانتان.
 
لە کۆتایى وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئەو ڕاستیەى نەشاردەوە کە کایەی ئەکادیمی بەبێ بەشداری کارایی خانمان لاسەنگ و نایەکسان و نادروستە، بۆیە لەناو خوێندنی باڵا پێویستیمان بە بیر و هزری خانمانە کە بەداخەوە لە ئێستادا بیری پیاوانە باڵادەستە.
 
دواتر لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى چەپکە گوڵى پیرۆزبایى و سوپاس و پێزانین بەبۆنەى ڕۆژى جیهانى ژنان ئاراستەى کچان و خانمانى وەزارەت کرا، بۆ ئەمەش ئافرەتانى وەزارەت جەختیان کردەوە لەسەر خەباتی بزووتنەوەی ژنان لەنێو کایە جۆراو جۆرەکانى هەرێمەکەمان.