Skip to the content

چوارەمین كۆنفرانسی ئه‌ندازیاریی گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بە چاودێریى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە زانکۆى جیهان-هەولێر چوارەمین كۆنفرانسی زانستیى نێوده‌وڵه‌تی لە بوارى ئه‌ندازیاریی گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر دەستى بەکارەکانى کرد.
 
کۆنفرانسەکە چوارشەممە ڕێکەوتى (٣٠/٣/٢٠٢٢) بە ئامادەبوونى د. ئەمیر عەبدولڕەحمان ڕاوێژکاری وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەڕێوەچوو.
 
لە وتەیەکدا د. ئەمیر عەبدولڕەحمان ڕاوێژکاری وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتارێکدا، کە بەناوی دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەشی کرد،  وتى: خۆشحاڵم بە نوێنەرایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشدارى چوارەمین كۆنفرانسی زانستیى نێوده‌وڵه‌تی لە بوارى ئه‌ندازیاریی گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆکەتان دەکەم، جێگەى ڕێزە کە لە ماوەى ئەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمین کۆنفرانسە بەشدار دەبم.
 
ڕاشیگەیاند: وشەى چوارەمین لە تایتڵى کۆنفرانسەکەتان ئاماژەیەکى ڕوونە بە هەستکردن بە گرنگى بابەتى ئەندازیاریى گەیاندن و زانستەکانى دیجیتاڵ، چونکە سەردەمى ئێستا سەردەمى تەکنەلۆجیاى دیجیتاڵ و زانیاریەکانە، لە ئاییندەیەکى نزیکدا ئێمە شاهێدى جیهانێکى خەیاڵى دەبین کە بەتەواوەتى ئاوێتەى جیهانى ڕاستەقینەى ئێمە دەبێت، ڕوونیشکردەوە لە ئاییندەیەکى نزیکدا هەریەکەمان هاوتایەکى دیجیتاڵى لە ژیانى ڕۆژانەمان دەبێتە هەبوونێکى خەیاڵى لە خۆمان کە هەموو چاڵاکییەکى ڕۆژانەمان ئەنجام دەدات و، لەو چواچێوەیەشدا ڕایگەیاند: بۆ ئەو گۆڕانکارە گرنگەى لە ڕێیە گرنگە زانکۆکانمان قوتابیان چەکدار بکەن بەزۆرترین کارامەیی دیجیتاڵى بۆ ئەوەى لە کاروانى پێشکەوتنى جیهانیى لە دواوە نەمێنینەوە، هەروەک گەشبینیى خۆشى پیشاندا کە ئەم کۆنفرانسە و هاوشێوەکانى دەبنە مایەى هاندانى توێژەران، مامۆستایان، قوتابیان بۆ ئامادەبوون بۆ ئەو جۆرە پێشهاتانە.
 
هەر لە وتارەکەیدا نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە کارنامەى وەزارەتەکەى کرد بۆ بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى و ڕایگەیاند: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەستکردن بە گرنگى توێژینەوەى زانستى لە هەموو بوارەکاندا، بە پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵاى توێژینەوە لە ئاییندەیەکى نزیکدا پڕۆژەى پێدانى گرانت بۆ توێژینەوە ڕادەگەیەنین، کە ئەوەش دەبێتە هاندان و پاڵپشتى بۆ بەرەوپێشبردنى توێژینەوەى زانستى لە کوردستان. 
 
لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، د. ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتارێکدا بەخێرهێنانى نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانانى کۆنفرانسەکەى کرد، پاشان باسى لە لایەنە گرنگەکان و چۆنیەتى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد، هەروەک باسى لە ژمارەى ئەو توێژینەوانە کرد کە لەلایەن توێژەرانەوە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پێشکەشى کۆمیتەى باڵاى کۆنفرانسیان کرد.
 
چوارەمین كۆنفرانسی زانستیى نێوده‌وڵه‌تی لە بوارى ئه‌ندازیاریی گەیاندن و زانستى کۆمپیوتەر ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ، (٤٣) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند تەوەرێکى جیا پێشکەش دەکرێن، سەربارى ئەوەش پێنچ قسەکەری سەرەکى وەک Keynote Speaker کۆنفرانسەکە بەڕێوە دەبەن.